بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان ئەمرۆ چوارشەممە 12/7/2023 بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامە یەدەكەكان و بەرپرسانی لقەكانی پارتیمان كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.
دوای گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە لە سەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەرهكان لە جیهان و ناوچەكە بە گشتی و، عێراق و كوردستان بەتایبەتی، ئەم تەوەرانەی خوارەوە مناقەشەكران و، بۆ ئەو بابەتانەی كه پێویستبوو بریاریان بۆ وەرگیرا:
1. تەوەری یەكەم: بارودۆخی گشتیی نێودەوڵەتی: ڕووداوەكانی ئێستای جیهان بەشەڕ و بەهاوپەیمانی، گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و عەسكەریەكان و قەیرانەكان لێكەوتەیان لەو ڕووانەوە بۆ سەر تەواوی دەوڵەتان هەیە و، سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خورهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەكی گشتی بووەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان. بەشێك لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناراستەوخۆ كاریگەریان لە سەر هەرێمی كوردستان هەیە.
2. تەوەری دووەم: بارودۆخی هەرێمایەتی: پەیوەندیمان لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ گفتوگۆی لە سەركرا و، بە پێویستزانرا ڕێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێ و پاراستنی ئەمنیەتیان بە گرنگ دەزانرێ، نابێ لە هەرێمەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو ووڵاتانە بكرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ ئەو ووڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەبەرچاو بگیرێ و بپارێزرێ.
3. تەوەری سێیەم: بارودۆخی عێراق: بابەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باس كرا بەتایبەتی ئەو پاشەكشێیەی بەرامبەر پێكهاتەكانی نێو هاوپەیمانیەتیەكە هەستپێدەكرێ و، جێبەجێنەكردنی مادەكانی ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانیەی كە حكومەتی لە سەر تەشكیلكراوە جێی نیگەرانی جدیە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانیەتیەكە زیانی بۆ كۆی حوكمرانی عێراق دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەكشێیهی بەشێكی لایەنەكان كه ڕوویداوە، پشتگیری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و رێگریەكان سەركەوتووبێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكهی كە رێككەوتنی لە سەركراوە.
4. تەوەری چوارەم: كۆبوونەوە پاڵپشتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕال بەرزنرخاند و هەروەها هەوڵەكانیان لە چارەسەری بابەتی بوودجەو دابینكردنی مووچە و بژێوی ژیان و ئەمنیەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە پەسەندزانی.
5. تەوەری پێنجەم: تەوەری بارودۆخی ناوخۆی هەرێم: هەڵبژاردن و هەڵوێستی پارتیمان سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی كە تاكو ئێستا هاوێژراون لە سەرۆكایەتی هەرێم و كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، هەروەها هەنگاوەكانی پارتیمان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێم و ڕەخساندنی كەش و هەوایەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و رێككەوتن لە سەر رێكارە یاساییەكان. لەو پێناوەدا بەردەوامدەبین لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنەكان و هەوڵدەدەین ئاستەنگ و كێشەكان چارەسهربكەین و ئیدارەی بارودۆخەكە بدەین بەشێوەیەك جیاوازییەكان ڕێگرنەبن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی دا.
6. تەوەری شەشەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان: بەڕوونی باس لە شێوازی كاركردنی ئۆرگانەكان و كاركردنی هەڤاڵانی بەرپرس و كادیرەكان لەم قۆناغەدا كرا، بەتایبەتی گرنگیدان و پابهندی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بایەخدان بە بابەتی ئافرەت و گەنج و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان لە ئەولەویاتی كارەكان بێت. ههروهها سەبارەت بەو پەلامار و هێرشانەی دەكرێتە سەر پارتی، دەبێ هەوڵەكانمان لە ئاستی مێژوو و گەورەیی رێبازی بارزانی دابن و لە ئاستێك دابن كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و پرنسیپەكانی ڕاگەیاندن ڕەچاوبكرێت.
لە لایەكی دیكەوە تەئكید لە پەیوەندیی ئەندامان و كادیرانمان لەگەڵ جەماوەر كرایەوە بۆ بەهێزكردنی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها هاندانی هەڤاڵانمان بۆ بەرهنگاربوونەوەی هەندێ دیاردەی دزێو كە تێكدەری بارودۆخی كۆمەڵاتی و خێزانین وەكو ماددهی هۆشبەر. لە كۆتاییدا تەئكید لە پەیرەوكردنی ڕێنماییەكان كرایەوە.
كۆبوونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
12/ 7/ 2023