بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 12-07-2023 نرخی نەوت بۆ دووەم رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزبووەوە. هەروەها نرخی زێڕ بۆ 1938 دۆلار بەرزبووەوە.
پلانی سعودیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل و گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان بووەتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 40 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نزیکەی 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “سەرەڕای ئەو هەموو نیگەرانییەی کە سەریهەڵداوە سەبارەت بە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان، بەڵام لە رووی خستنەڕووی نەوتەوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنەرانی نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان کەمبکەنەوە، بەو هۆیەشەوە نرخەکانی نەوت روویان لە بەرزبوونەوە کردووە.”
هەفتەی رابردوو، سعودیە رایگەیاند، بە شێوازی ئارەزوومەندانە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە مانگی هەشتدا کەمدەکاتەوە، ئەوەش روانگەی بازرگانانی نەوتی لەسەر ئاراستەی نرخەکان گۆڕیوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندووە، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ئەمساڵدا رۆژانە 100 هەزار بەرمیل و لە ساڵی داهاتوودا 200 هەزار بەرمیل زیاتر دەبێت لە قەبارەی خستنەڕووی نەوت.
نرخی زێڕ بۆ 1938 دۆلار بەرزبووەوە
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە 1931 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1938 دۆلار.
ئەوە بەرزترین ئاستە کە نرخی زێڕ لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا تۆماریکردووە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ چاوەروانی بازرگانانی زێڕ بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی شەشدا کە بڕیارە کاژێر 03:30 خولەکی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە.
ئامارەکانی ئەمڕۆی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەتوانێت بەرچاوی بازرگانانی زێڕ زیاتر روون بکاتەوە لە هەنگاوی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختی خۆی بکات و سوودی بانکیی بەرزنەکاتەوە.
کۆتاییهێنان بە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.