حکوومەتی هەرێم تەنها لە یەک کەیسدا پتر لە هەشت ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی گشتی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چوار ساڵ بەسەر پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کابینەی نۆیەم لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھەنگاوەکانی تری ئەو بوارەوە لە ماوەی کارکردنی خۆیدا لە سێکتەری مووچە و پێداچوونەوە بە خەرجییەکان، چەندین ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی گشتی، کە دیارترینیان لە کەیسی فرەمووچەیی و دوو مووچەیی نایاسایی و چاکسازیی مووچەی پلە باڵاکان بووە، کە بە ھۆیەوە مانگانە پتر لە ھەشت ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی گەڕاوەتەوە.

لە چوار ساڵدا کوردستان ڕووبەڕووی چەندین قەیران و ئاڵنگاری بووەوە، ھەندێکیان سرووشتی و ھەندێکی دیکەشیان بە ئەنقەست و بە مەبەستی لاوازکردنی حکوومەت کاریان بۆ کرا، بەڵام سەرۆکوەزیران وەکو ھەمیشە بەرەنگاری سەختییەکان بووەوە و بەربەستەکانی تێکشکاند و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئومێدی دیکەی بە ھاووڵاتییان دەدا.
لەو کاتەی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکوەزیران دەست بەکار بوو، ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی خراپدا بوو، لەم کابینەیە توانراوە سەرجەم مووچەکان دابەش بکرێن، بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان بدرێنەوە و دەیان پڕۆژەی ستراتیژیش دەستیان پێکرد و زۆربەی پڕۆژە وەستاوەکانیش دەستیان بە کار کردەوە.
سەرۆکوەزیران لەگەڵ دەست بەکار بوونی گوتی: ھاووڵاتییان میحوەری کارەکانی کابینەی نۆیەم دەبن، ھەر لەسەر ئەو سیاسەتەش توانراوە ٨٠٪ـی کارنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێ بکرێت، خزمەتگوزارییەکان بە ئاستێکی باشتر پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکرێت.
لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا زیاتر لە چوار ھەزار و سەد و ھەشتا و نۆ دوو مووچەیی و سێ مووچەیی بڕدراوە، بەھۆیەوە مانگانە زیاتر لە پێنج ملیار دینار گەڕاوەتەوە، لە کەیسی چاکسازیی خانەنشینی پلەباڵاکان مانگانە دوو ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێتەوە، لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان ھەڵوەشاندنەوەی مینحەی سێزدە ھەزار و دوو سەد و ھەشتا و سێ بەخێوکەر، کە مانگانە نزیکەی سەد ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە. بڕینی مووچەی ھەزار کەس کە بە نایاسایی سوودمەند بوون لە مینحەی کاروباری کۆمەڵایەتی. لە پێداچوونەوە بە دۆسیەی خانەنشینی و ھەڵوەشانەوەی ئەو خانەنشینانەی بە پلەی وەزیر و بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی کە ھەزار و حەوت سەد و نەوەد و حەوت کەیس بوون، مانگانە یەک ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکوومەت دەگەڕێتەوە. لە وەرگرتنەوەی پلەی زیادی فەرمانبەران ملیارێک و چوار سەد ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە. گەڕانەوەی چل و یەک ملیار و دوو سەد و چل و چوار ملیۆن دیناری قەرزی بازرگانییەکان، کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتار لە شەش ملیۆن دینارەوە بۆ دوو ملیۆن دینار. دانەوەی چوار ملیار دۆلاری قەرز بەتایبەت قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت. تەنها لە خەرجی ناپێویستدا دوو سەد و چل و حەوت ملیۆن دۆلار کۆنترۆڵ کراوە، مووچە و کاری بانکەکان بە دیجیتاڵی کراوە، سیستەمی باج و گومرک و خاڵە سنوورییەکانیش بە ھەمان شێوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمدا توانرا داھاتەکان یەکبخرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە وەزارەتی دارایی، کە پێشتر سەرچاوەکانیان دیار نەبوو بۆ وەزارەتی داراییش نەدەگەڕایەوە.
وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە ھەنگاوی یەکەمدا کە ناسینی داھاتەکان بوو، خاڵە لاوازەکانی ئابووری ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە باج و گومرک و خەرجییەکان دەرکەوتن، بۆیە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکوومەتدا کار کرا بۆ و ھەنگاو نرا بۆ زیادکردنی داھاتەکان و لە بەرامبەریشدا خەرجییە ناپێویستەکان کەم بکرێنەوە، لە ئەنجامی ئەو ھەنگاوانەشدا توانرا لە بواری نەوتدا داھات بەھۆی کۆمەڵیک ھۆکاری تایبەتی و گشتییەوە زیاد بکرێت، تەنانەت لە کابینەی نۆیەمدا پێشەکی بە کۆمپانیا نەدرا، بەڵکو دەستکرا بە دانەوەی قەرزەکانیش.
گوتیشی: یاسای چاکسازی ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبوو بەسەر کەمکردنەوە و نەھێشتنی گەندەڵی، جگە لە دەرماڵە کە پەیوەندی ڕاستەخۆی بە ژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە، ئەگەرنا، لە سەرجەمی سێکتەرەکانی دیکەدا یاسای چاکسازی بە ڕێژەی نزیک لە کۆتایی لە تەواوبووندایە. جەختیشیکردەوە، کە لە کابینەی نۆیەم و بەھۆی یاسای چاکسازییەوە کۆتایی بە دوومووچەیی ھاتووە و خانەشینی پلەتایبەت نەماوە.
وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، تا ئێستە توانراوە چوار ھەزار و سەد و ھەشتا و دوو مووچە یەکلایی بکرێتەوە، کە مووچەی نایاسایی بوونە، ڕوونیشیکردەوە: ئەگەر لە دوای ١ـی تەممووزی ٢٠٢٠ ئەو مووچانە وەرگیرابن، لە خاوەنەکانیان وەردەگیرێتەوە، لەبارەی پلە تایبەتیشەوە گوتی: لە سەرووی ھەزار کەس پلەتایبەت بووە و مووچەکانیان لە کابینەی نۆیەمدا ڕاست کراوەتەوە.
ئاوات شێخ جەناب، ڕوونیشیکردەوە: لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا داھاتی گومرکی ھەرێمی کوردستان بووەتە ترلیۆنێک و شەش سەد و حەفتا و ھەشت ملیار دینار، لە کاتێکدا لە ٢٠١٩ نزیکەی نۆ سەد ملیار دینار بووە، گوتیشی، ھۆکاری زیادبوونی ئەو داھاتە چەند لایەنێک دەگرێتەوە، لەوانە نەھێشتنی قۆرخکاری و کەمکردنەوەی ڕۆتین، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە لەو کابینەیەدا بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی گومرک چالاک کراوەتەوە.