له‌ چوارشه‌ممه‌ی كارێزداگوڵی شیعر له‌ به‌رۆكی كه‌ركووك ده‌درێت

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 21/پووشپه‌ڕ/2723ی كوردی (12/ته‌مووز/2023ز)، شاعیر و هۆنه‌ری به‌ توانا، مامۆستا حه‌مید قه‌ڵادزه‌یی كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه‌ به‌ ناونیشانی (حه‌مید قه‌ڵادزه‌یی به‌ده‌م هاواری خاكه‌وه‌، گوڵی شیعر له‌ به‌رۆكی كه‌ركووك ده‌دات)، له‌ كتێبخانه‌ی كارێزدا، پێشكه‌ش ده‌كات.

خه‌ڵكی قه‌ڵادزێی برینداری ده‌ستی داگیركه‌ر، هه‌مان هه‌ست و جۆش و خرۆشی خه‌ڵكی كه‌ركووكی برینداری ده‌ستی داگیركه‌ریان هه‌یه‌. بۆیه‌ هه‌ناسه‌ی شیعر و جۆش و خرۆشی كوردایه‌تی و بانگه‌وازی مرۆڤایه‌تی، له‌ هه‌ردوو شاره‌كه‌دا، جووتێك ئاوازی ڕه‌وانستانێكی پاك و بێگه‌ردن.
شاعیرێك برینی بۆردوومانه‌ دڕندانه‌كه‌ی ساڵی 1974ی به‌عسی له‌ بیر بێت، كه‌ فڕۆكه‌ی به‌عسی داگیركه‌ر زانكۆی سلێمانیی له‌ شیرین شاری قه‌ڵادزێدا تیرۆر كرد، چۆڕاگه‌ی خوێنی شه‌هیدانی ئه‌و تراژیدیایه‌ش، جۆگه‌له‌ی نووری به‌ست، پاشان كه‌ڵبه‌ی به‌عس له‌ هه‌ناوی شاره‌كه‌ گیر كرا و له‌ ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، داگیركه‌ر قه‌ڵادزێی خاپوور و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ری شاران كرد. شاعیرێك هزر و هه‌ستی خرۆشاوی ئه‌م هه‌موو زام و برینه‌ بێت، ئیدی چۆن كڵپه‌ی شیعری ئه‌و، سۆزی نیشتیمان و هیوای نه‌ته‌وه‌ نانوێنێت؟

به‌ده‌م شه‌كره‌ شیعری به‌رز و دره‌وشاوه‌وه‌، هه‌ر هه‌نگاوێكتان به‌ره‌و كۆڕه‌كه‌، گوڵ باران ده‌كه‌ین.

كات: (5)ی ئێواره‌
شوێن: كتێبخانه‌ی كارێز