لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریدا چیرۆکی نۆ ساڵی، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە توانیویەتی خۆڕاگرانە چەندین قەیرانی گەورە تێپەڕێنێت، کێشەکانیشی کردووە بە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی کوردستان، ئەوەش لەو ماوەیەدا بووە کە پۆستی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەبووە.
ئەو دۆکیۆمێنتارییە لەلایەن ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرابوو، شەوی رابردوو (10ی حوزەیرانی 2023) لە شەش کەناڵی ئاسمانی و زیاتر لە 50 کەناڵی ناوخۆیی پەخشکرا، کە تێیدا ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە خراونەتەڕوو کە رووبەڕووی مەسرور بارزانی بوونەتەوە، لە کاتێکدا سەرقاڵی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی بووە لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دواتریش لە ماوەی کارکردنیدا وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک قەیران بەرۆکی حکومەتەکەی گرتووە، بەڵام توانیویەتی کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارام.
مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی کارەکانیدا وەک راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رووبەڕووی مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بووەتەوە، چوونکە چەسپاندنی ئارامی بە بنەمای ئاسوودەیی و ژیانێکی شکۆمەندانەی هاووڵاتیان داناوە، رۆڵێکی کاریگەریشی بینیوە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا.
رۆڵی مەسرور بارزانی لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا
شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە چاوپێکەوتنێکی دۆکیۆمێنتارییەکەدا دەڵێت “من بەڕێزیانم بینیوە، لە میانەی گرژی و تەنگانەکانەدا، بۆنموونە لەکاتی شەڕی داعش کە زۆر کەس هیوای لەدەستدا و نائومێد بوو، مەترسییەک هەموو ناوچەکەی گرتەوە، ئەو کاتە جەنابیان بە هیوایەکی زۆر و بڕوابەخۆبوون و جورئەتێکی زۆرەوە، هاتە مەیدان و ئەنجوومەنی ئاسایشی کردە ناوەندێکی ئیدارەدانی جەنگی دژی داعش و ئیتر هەموو هاتنە پێش بۆ جەنگی دژی داعش”.
مەسرور بارزانی لەماوەی جەنگی داعشدا رۆڵێکی ستراتیژی بینیوە لە هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگەدا، ئەو رۆژانەی داعش سێ پارێزگا و چەندین ناوچەیان کۆنترۆڵکرد و بوونە مەترسیی لەسەر کوردستان و ناوچەکە و جیهان، مەسرور بارزانی، بە پشتیوانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان، شکستی بە پەلامار و هێرشەکانی داعش هێنا، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو پلان و نەخشە سەربازییانەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بوو، کە پشتیان بەستبوو بە راسپاردە و رێنماییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی.
لە چاوپێکەوتنێکی دیکەی دۆکیۆمێنتارییەکەدا، عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی، باسی ئەو رۆژانە دەکات کە مەسرور بارزانی لە بەرەکانی شەڕی دژی داعشدا چەکی هەڵگرتووە و دەڵێت “لەو کاتەدا کە زۆر ئاڵۆزی دروستبوو، هێرشی داعش زۆر بەهێز بوو، شنگال و جێگەکانی دیکە کەوتنە دەستی ئەوان، ئەو سەرۆک وەزیران دەرکەوت، کە وەک پێشمەرگەیەک تفەنگی هەڵگرتبوو، وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەک لەناو شەڕە گەورەکاندا بوو، ئەوەش هێز و باوەڕ و مۆڕاڵی دایە ئێمە، ئەوەشی نیشانداین کە جگە لە بەرخۆدان هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەم پێشمەرگە و فەرماندەکاندا نییە”.
مەسرور بارزانی، لە ژێر فەرماندەیی سەرۆک مەسعود بارزانیدا، جگە لەوەی شکستیان بە داعش هێنا، لە هەمانکاتدا بوونە هۆی ئەوەی ناوی پێشمەرگە بە جیهان بناسێندرێت و سەرکردە جیهانییەکان ناچاربن لە گوتارەکانیاندا ئاماژە بە رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە بکەن، لە پاراستنی ئاسایشی جیهاندا.
هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و چاکسازیی
لە ئەنجامی بوونی باوەڕ بە دیموکراسی، لە کاتێکدا چەندین قەیران لە ئارادابوون، رۆژی 30 ئەیلولی 2018 دا هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی زۆرینەی کورسی پەرلەمان بوو، لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکە، حکومەتی هاوپەیمانییان پێکهێنا و مەسرور بارزانی بەهۆی توانا و لێهاتوویی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەرکە سەختەکاندا، راسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و لە رۆژی 10ی تەمووزی 2019 دا، بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان متمانەی پێدرا.
مەسرور بارزانی بە دیدگایەکی روون و کارنامەیەکی دەوڵەمەندەوە، شانی دایە بەر بەرپرسیارێتییەکی سەختی حکومەت، کە بڕی 32 ملیار دۆلار قەرزار بوو، سەرەڕای کەڵەبوونی ژمارەیەکی زۆری کێشە و قەیرانی چارەسەر نەکراو و بارگرانییەکانبیان.
یەکەم هەنگاوی سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رووبەڕووبوونەوەی شێوە جیاوازەکانی گەندەڵی و جێبەجێکردنی دیدگاکانی سەرۆک وەزیران بۆ چاکسازیکردن، لەو بارەیەشەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت “بەڕێزیان لەگەڵ ئەوەدا بووە، کە زەمینەی دروستبوونی گەندەڵی نەهێڵێت، دەبێت ئەم زەوییە وای لێبکرێت گەندەڵی تێدا نەڕوێت، زۆر کەس گەواهی (شایەتی) ئەوە دەدەن، دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە ترسێک دروستبوو کە دەست بۆ گەندەڵی نەبرێت، تا ئاستێکی بەرز رێژەی گەندەڵی کەمبووەوە”.
قەیرانە نوێیەکان نەیانتوانی هەنگاوەکانی چاکسازی رابگرن
لەگەڵ قەیرانە کۆنەکاندا، کۆمەڵێک قەیرانی نوێ بەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی گرت، کە بۆ وڵاتە بەهێزەکانیش سەخت بوو، وەک سەرهەڵدانی کۆرۆنا و پەکخستنی چالاکییە مرۆییەکان، بەڵام سەرۆک وەزیران بە خەمخۆرییەوە کاریکرد، بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو قۆناغە سەختەدا بمێنێتەوە و توانی بە کەمترین زیانی گیانی و مادیی هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکەدا دەرباز بکات.
لێکەوتەی سەرەکی کۆرۆناش دابەزینی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە نزمترین نرخی تۆمارکرد لە مێژوودا، ئەوەش لە کاتێکدا بوو، نەوت تەنها سەرچاوەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام کابینەی نۆیەم توانی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران دابینبکات بەگوێرەی ئەو داهاتەی هەبوو بەبێ ئەوەی مووچە پاشەکەوت بکرێت.
د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە چاوپێکەوتنێکی دۆکیۆمێنتارییەکەدا ئاماژەی بەوەدا “سەرەڕای هەموو قەیرانەکان بەڕێز سەرۆکی حکومەت، خۆی دەبووە فریادڕەسی ئەوەی کە مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت، زۆرجار هەموو لایەنەکان و وەزارەتەکان، رێگەچارەیان پێنەدەما بۆ چارەسەر، بەڵام خۆی دەهاتە سەر خەت بۆئەوەی مووچە چارەسەر بکرێت، وە توانیشمان پەیام و بەڵێنی سەرۆکی حکومەت جێبەجێ بکەین”.
گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و لافاو دوو قەیرانی دیکەی کابینەکە بوون، کە سەرۆک وەزیران خۆی بەشێوەی مەیدانی دەچووە شوێنە زیانلێکەوتووەکان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، دواتر بەهۆی پلان و هەوڵەکانیشییەوە لە ساڵی 2023 دا، سەرباری ئەوەی دوو هێندەی ساڵی پێشتر باران باری، بەڵام لافاو دروستنەبوو، هیچ زیانێکێش بەر هاووڵاتیان نەکەوت.
چاکسازییەکان هەرێمی کوردستانیان گەیاندە قۆناغێکی نوێ
سەرۆک وەزیران لە هەناوی کێشەکانی چین توێژە جیاوازەکانیشدا توانی چارەسەر بدۆزێتەوە، بە تایبەت کە جووتیاران بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیانەوە لە دۆخێکی سەختدا بوون، بەڵام سەرۆک وەزیران لە رێگەی پرۆژە و دۆزینەوەی بازاڕەوە، خەمەکانی جووتیارانی هەڵگرت و بۆیەکەمجار بە سەرکەوتوویی بەرهەمی کشتووکاڵی ناوخۆیی هەناردەی دەرەوە کرا، کە بووە سەرچاوەیەکی دیکەی داهات، چوونکە گرنگیندان بە کشتووکاڵ بەشێکە لە ستراتیژی کابینەکە بۆ فرەچەشنکردنی داهات.
بۆ کۆتاییهێنان بە نۆرەگرتنی خانەنشینان لە گەرما و سەرمادا، سەرۆک وەزیران پرۆژەی (هەژماری من)ی راگەیاند، بۆ بە دامەزراندنی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووی ئەلکترۆنی.
بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییەکانی، چەندین شەقام و رێگەی نوێ لەنێوان شارەکاندا دروستکران، کرانە بنەمای بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێمەکە، چوونکە زۆرترین خەرجی کابینەکە بۆ دروستکردنی رێگاکان بوون.
هەروەها کابینەی نۆیەم ئەو گرەوانەی پوچەڵکردەوە کە کرابوون بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەبەرئەوەی مەسرور بارزانی توانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بگەیەنێتە قۆناغێکی یاسایی و دەستووری، لەو چوارچێوەیەشدا رێککەوتنی نێوان هەردوولا بە فەرمی واژووکرا.