حەمەسەعید حەسەن
سێ گۆرانی
ژنی جوان
سەرسامم
(ئەو ڕێیەی پیا دەڕۆی
چۆن یەکسەر نابێتە گوڵستان؟)*
*
ئەو بەردەی ئەوەندەی قۆخێکە و
لەمێژە سووچێکی مێزەکەم
بۆ تەرخان کردووە
بەردێکی بناری گۆیژەیە
هەر جارێ پەنجەمی بەرکەوێ
هەر دەڵێی دەستم بەر گۆی
مەمکی ئافرەتێ دەکەوێ**
*
شەکرۆکەی منداڵیم
لە کۆشی کۆڵانی (چوارباخ)دا بزربوو
لاوێتیم شەوێ بوو
درێژ وەک پرچی خۆر
ئێوارەی تەمەنە و خەمگینم
هەر دەڵێی یەکەمین کەڕەتە
کۆچی ڕۆژ دەبینم
زەمانە بارانە بە(با)وە دەبارێ
منیش خۆم داوەتە ژێر چەتری تەنیایی
شەکەتم تامەزرۆی
وچانی سێبەری داربەڕووم
یان خەوی هێمنی ژێر بەفر*** *
* گۆرانیی عاشقێ.
** گۆرانیی غەریبێ.
*** گۆرانیی عاشقێکی غەریب.