لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی پێنجشەممە (6ـی تەمموزی 2023)، هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی لەسەر شەقام هاووڵاتییەکی سڤیل دەستگیر دەکەن بەناوی دکتۆر ئالان فەریدوون کە پیشەی مامۆستای زانکۆیە و پێشتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بووە و دواتر ئازادی دەکەن و بیانووی دەستگیرکردنەکەشی ئەوەبووە گوایە ناوبراو وێنەی کاروانی ئۆتومبێلی هێزێکی ئەمنی گرتووە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لە دەستگیرکردنی ئەو مامۆستای زانکۆیە و رایگەیاندووە، “ئیدانەی شێوازی دەستگیرکردنەکەی دەکەین و لامان وایە دەچێتە چوارچێوەی رفاندن چونکە بەبێ فەرمانی دادوەر و رێکاری یاسایی بووە، لای خۆمانەوە پشتگیری تەواوی رێکاری یاسایی دەکەین بەرامبەر هەر کەسێک کە لەسەر دۆسیەیەک داواکراو بێت، و پێویستە بەگوێرەی فەرمانی دادوەر مامەڵە لەگەڵ داواکراو بکرێت، نەوەک شێوازی هەڕەمەکی دەستگیرکردن و بردنی بۆ شوێن وبارەگای سەربازی، چونکە ئەو جۆرە دەستگیرکردنە جێگەی پرسیارە و گومان دروستدەکات”.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، ئەو کردەوەیە پرسیار دەخاتە سەر سەروەری یاسا و دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان و پێچەوانەی تەواوی بنەماکانی مافی مرۆڤە، لە ئاستی نێودەوڵەتیش باش نابێت بۆ هەرێمی کوردستان و ناوبانگی هێزە ئەمنییەکان، بۆیە دووبارە بونەوەی ئەو حاڵەتانەش خزمەت بە پڕۆسەی دیموکراتی و رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ناکات و نیگەرانی هەموو لایەکی لێکەوتووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەو کەیسەمان کردووە و پێویستە هەرچی زووە ئەو هێزە ئەمنییەی بەو کارە هەڵساوە روونکردنەوە بۆ رای گشتی بدات و دۆسیەکەش بەپێی رێکارە یاساییەکان یەکلابکرێتەوە.