لە روونکردنەوەکەی هاتووچۆی هەولێر هاتووە: “چەند رۆژێکە لە سایت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی چەند فسفۆرێک بڵاودەکرێتەوە کە شکاون و لێکدانەوەی وای بۆکراوە گوایە لەبەر گەرما بووە و ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر بەلایەنی کەمتەرخەم نیشان دراوە”.
هاتووچۆی هەولێر چەند خاڵێک دەخاتەڕوو دەڵێت: “ئەو فسفۆرانەی وێنەیان بڵاو کراوەتەوە پێش شوقەکانی نەورۆزە، و پێچی داخڵ بوون بۆ شەقامی 120 مەتریە، ئەو فسفۆرانە لەلایەن ئەندازەی هاتووچۆ دانەنراون، بەڵکو لەلایەن ئەو کۆمپانیایە دانراوە کە خاوەنی شوقەکانە، بەبێ ئاگاداری ئەندازەی هاتووچۆ بووە و بێ هەماهەنگی بووە”.
ئاماژە بەوەشکراوە: “ئەو فسفۆرانە لەبەر گەرما تێکنەشکاون، چونکە بەر لەهاتنی وەرزی گەرما تێکچوون، بەڵکو لەبەر خراپی کوالێتیەکەیانە، کە ئێمە لێی بەرپرس نین. ئەو فسفۆرانەی لەلایەن ئەندازەی هاتووچۆ دادەنرێن بەرگەی 20 تاکو 70 پلەی سیلیزی دەگرن، و ئەگەر شوفێران بەدەستی ئەنقەست بەسەریان نەکەون، تاوەکو نزیک سێ ساڵ بەرگە دەگرن و ناشکێن”.
لە بەشێکی روونکردنەوەی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: “داوا لە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان دەکەین کە لە خۆیانەوە وەبەبێ هەماهەنگی، لەهیچ شوێنێک فسفۆر دانەنێن، دەتوانن ئەو کارە بکەن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەندازەی هاتووچۆ، ئەوکات پێیان دەگوترێت کە چ مواسەفاتێک رێگاپێدراوە بە دانانی”.