ئه‌مڕۆ شه‌ممه 8ی ته‌مووزی 2023 سێ ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایكردنی هونه‌رمه‌ند وراگهیاندكار” شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان تێپه‌ر ده‌بێت.
ناوی ته‌واوی (شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان مامه) یه، له عه‌شیره‌تی نانه‌كه‌لییه، ساڵی 1958 له گه‌ڕه‌كی (ته‌یراوه) ی شاری هه‌ولێر له دایك بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی زانین ته‌واو كردووه، به‌هۆی دۆخی ناله‌باری ئه‌وكات و شۆڕشه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی كورد و زیره‌كی خۆی پۆله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می نه‌خوێندووه ڕاسته‌وخۆ به‌شداری له ئه‌زموونه‌كانی چواره‌می سه‌ره‌تایی كردووه و توانیوویه‌تی سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی شه‌هید یوسفی ده‌ربه‌ده‌ری برای، ناوه‌ندی و دوا ناوه‌ندی له قوتابخانه‌ی كۆماری بووه، شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان ده‌نگێكی ڕه‌سه‌ن له موزیك و گۆرانی، قه‌ڵه‌مێك بوێر له نووسینی وشه‌ی جوان، 46 ساڵ له خزمه‌ت ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی دا، ھونه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌نووسی (شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان) ساڵی 1970 له ڕادیۆی كوردی به‌غدا به گۆرانی (دۆسته دۆسته) خۆی خزانده نێو ھونه‌ر و موزیك، پاشان چه‌ندین گۆرانی دیكه‌ی بڵاوكرایه‌وه و ناوبانگی ده‌ركرد، ساڵی 1972 له ئاھه‌نگێكی ھۆڵی گه‌ل له ھه‌ولێر یه‌كه‌م سروودی بۆ (بارزانی نه‌مر) چڕی و ده‌مانچه و نیتاقی سه‌ربازی خۆی پێبه‌خشی، پاشان له‌سه‌ر خواستی (فارس باوه) بۆ ئاھه‌نگێكی تایبه‌تی (بارزانی) له نێو (پردان) بانگھێشت ده‌كرێت، دواتر گۆرانی (لیمۆ ھه‌ی لیمۆ) بۆ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن تۆمار ده‌كات، جگه له‌وه‌ش وه‌ك بچووكترین ڕۆژنامه‌نووس له ڕۆژنامه‌ی ھاوكاری و گۆڤاری ڕه‌نگین سه‌دان ڕێپۆرتاژ بڵاوده‌كاته‌وه، ناوبراو خاوه‌ن برایه‌كی شه‌ھیده به ناوی (یوسف ده‌ربه‌ده‌ر) كه ھه‌م ڕۆژنامه‌نووس بوو ھه‌م شاعیر یه‌كێك له دۆسته ھه‌ره نزیكه‌كانی (شه‌ھید ئیدریس بارزانی) و له‌سه‌ر ھه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر به حیزبی به‌عس له سێداره درا و تا ھهنوكهش ته‌رمه‌كه‌ی نه‌درایه‌وه خانه‌واده‌كه‌ی)، شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان له ئه‌زموونی 46 ساڵی ته‌مه‌نی ڕۆژنامه‌نووسی خۆیدا توانیوویه‌تی 24 كتێب پێشكه‌ش به كتێبخانه‌ی كوردی بكات، (9) به‌رگیش له‌و كتێبانه‌ی نووسیوویه‌تی له‌سه‌ر یاوه‌رانی (بارزانی نه‌مر) بووه‌و به ناونیشانی (ژیان و به‌رخۆدان)، ھاوكات یه‌كێك له كتێبه‌كانی له باره‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌وه وه‌ك میتۆدێك له كۆلێژ ده‌خوێندرێت، كتێبی (دڵدار)ـی شاعیریش بۆ چه‌ند جارێك چاپ ده‌كرێته‌وه، دوا به‌رھه‌میشی له نووسینی كتێبدا به ناونیشانی (فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی دوور له سیاسه‌ت) بووه كه به ھه‌ردوو زمانی (عه‌ره‌بی و كوردی) نووسراوه، ماوه‌ی زیاتر له 10 ساڵیش وه‌ك به‌رپرسی نووسینگه‌ی ھه‌ولێر له ڕۆژنامه‌ی (الشرق الاوس)ـی له‌نده‌نی كاریكردووه و ڕۆژانه‌ش بابه‌ته‌كانی كراوه به مانشێتی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه كه پڕبوون له ھه‌واڵی گه‌رمی كوردستان و پڕۆسه‌ی ئازادی له عێراق، ئه‌و دۆستایه‌تی نزیكی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده كورده‌كان ھه‌یه و چه‌ند جارێكیش له خزمه‌ت جه‌نابی سه‌رۆك (مه‌سعود بارزانی) بووه، سه‌رۆك بارزانیش چه‌ند جارێك گوتویه‌تی: (تۆ تاكه قه‌ڵه‌م و تاكه بڕوای پارتی و وشه‌ی كوردی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌نووس نه‌بی دووه‌مینی چونكه له دوای تۆ ڕۆژنامه‌نووسی تر شك نابه‌م، له مێژووی كاری ڕۆژنامه‌نووسی خۆیدا چه‌ندین به‌رپرسیارێتی پێدراوه له‌وانه‌ش (ڕاوێژكاری وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ) له كابینه‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌مدا)، سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (ھه‌رێمی كوردستان) و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی ڕۆژنامه‌ی (ھاوكاری و خه‌بات و برایه‌تی) و گۆڤاری (گوڵان) بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ دواكاریشی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی ڕۆژنامه‌ی (ھه‌ولێر)ـی سه‌ر به ده‌زگای ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، گۆشه ڕه‌نگینه‌كه‌ی (ده‌رده دڵ) له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ، ته‌مه‌نی ئه‌و گۆشه‌یه گه‌یشتووه‌ته (30) ساڵی ته‌واو گرنگی به خه‌می هاوڵاتیان ده‌دا .
شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان ساڵی 1984 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ جیهان ئه‌حمه‌د ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه و خاوه‌ن 6 منداڵه 3 كوڕ و 3 كچ، به ناوه‌كانی (ئیڤان – شیڤان – سۆنیا – ئالان – سۆلین – وارڤان)، جیهان ئه‌حمه‌د ده‌كاته خوشكی هونه‌رمه‌ندان (جه‌لال به‌یار و جه‌مال دیلان) .