دوو ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڤەری قەڵادزێ، لەلایەن کەسێکەوە دەستڕێژی گوللـەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوەیەک تایبەت راگەیاند، سێ پێشمەرگەی پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە دوێنێ بۆ سەیران چووبوونە گوندی هەڵشۆی دەڤەری قەڵادزێ، شەوی رابردوو لەلایەن کەسێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوی رەسوڵ ئازەرەخش دەستڕێژی گولـلەیان لێ کرا و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی لوقمان حاجی و عادل موهاجیر گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشدا، کەسی سێهەمیش بۆ لێکۆڵینەوە لەلایەن ئاسایشی قەڵادزێوە دەستبەسەر کراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان هێرشبەرەکە دانیشتووی هەرێمی کوردستان بووە و لەگەڵ ئەم سێ ئەندامەی حزبی دیموکرات بۆ سەیران چووەتە ناوچەی قەڵادزێ و دوای کوشتنی ئەو دوو پێشمەرگەیە، لەسەر سنوور خۆی رادەستی هێزەکانی ئێران کردووە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەم رووداوە لەلایەن بەکرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە روویداوە و پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە و بووەتەهۆی شەهید بوونی دوو ئەندامی ئەو حیزبە.