چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هێمن هه‌ورامی له‌گه‌ڵ كونسوڵی فڕه‌نسا كۆبووه‌وه‌

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م هێمن هه‌ورامی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی له‌ ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فڕه‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ماڵئاواییكردن بوو به‌بۆنه‌ی ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌ى وه‌ك كونسوڵی گشتیی فڕه‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌دیدارێكدا، هێمن هه‌ورامی سوپاسی ئه‌رك و كاره‌كانی كونسوڵی گشتیی فڕه‌نسای كرد كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری له‌سه‌ر كردووه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواست له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی داهاتوویدا و جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و بره‌ودانی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌ له‌مێژینه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان وكۆماری فڕه‌نسای كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌، ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فڕه‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان وێڕای ده‌ربڕِینی خۆشحاڵیی خۆیی، به‌ گرنگیشه‌وه‌ باسی له‌ په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی نێوان كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستان كرد، هاوكات جه‌ختیشی له‌سه‌ر به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ گشت بوار و سێكته‌ره‌كاندا كرده‌وه‌.