چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆك بارزانی لەگەڵ كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر کۆبووەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی تەمموزی 2023 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.

وەک لە راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە، لە دیدارەكەدا كە كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا بەبۆنەی كۆتایهاتنی بە ئەرك و كاری لە هەرێمی كوردستان و بە مەبەستی ماڵئاواییكردن، سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆك ماكرۆن بە سەرۆك بارزانی، ڕۆڵ و جێدەستی سەرۆك بارزانیی لە پاراستنی پڕۆسەی سیاسی و چارەنووسی گەلی كوردستان بە كاریگەر و سەرەكی لەقەڵەم دا.

هەروەها پێزانینی زۆری بۆ خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو و خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند كە توانیویەتی لە كوردستاندا دۆستی زۆر پەیدا بكات. هاوكاتیش خەبات و قوربانیدان و ماندووبوونی گەلی كوردستانی بۆ گەیشتن بە ئازادی بەرز نرخاند. ئەوەشی خستەڕوو لە هەموو ئاستێكدا چ لەناو حكوومەت و چ لەناو خەڵك و ڕای گشتیی فەڕەنسادا ویستی ئەوە هەیە كە دەبێ فەڕەنسا دۆست و پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بێت.

ئاماژە بەوەشدرا، هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و فەڕەنسا، سوپاسی هەوڵ و كارە باشەكانی بەڕێز ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی فەڕەنسای كرد لەماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان و بە دۆستێكی باشی خۆی و گەلی كوردستانی وەسفكرد. هەورەها هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوو.