سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رێبوار تاڵەبانی: نابێت سەرجەم کێشە و بەرپرسیارێتییەکان رووبەڕووی کابینەی نۆیەم بکرێنەوە

رێبوار تاڵەبانی لەبارەی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیداری [سەرۆکوەزیران و خەڵک] لەسەر کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەڵێت: قسەی سەرۆکوەزیران بە تەواوی راستە و ئەو بابەتە دەبوو لە 1992ـەوە چارەسەر بکرێت.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک راگەیاند، کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەشێکن لە هەرێمی کورستان و سنووری هەرێمی کورستان لە بەدرە و جەسانەوە دەستپێدەکات تا شنگال.

راشیگەیاند، بەتەواوی لەگەڵ قسەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستانە کە نابێت سەرجەم کێشە و بەرپرسیارێتییەکان رووبەڕووی ئەم کابینەیە بکرێنەوە، بەڵکو دەبوو کێشەی کەرکووک لە ساڵی 1992ـوە چارەسەربکرایە.

رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەڵام ئەوان بە ئێمەیان گوت، “ئەو بابەتە بابەتێکی ناوخۆییە و ئێمە دەستێوەردان لە بابەتی ناوخۆیی ناکەین”.

بە گوتەی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەو 13 خاڵەی حکومەتی عێراق لە کارنامەکەیدا بەڵێنی جێبەجێکردنی داوە، شەش مانگە وەک خۆی ماوەتەوە جگە لە کاراکردنەوەی لیژنەی باڵای ماددەی 140، کە ئەویش یەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.