سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی تەمموزی 2023 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە مایك برایسۆن ریچاردسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد و پێکەوە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان تاوتوێ کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا كە خاتوو رۆزی كەیڤ، كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كرا.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە بەشێكی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ پاراستنی شەرعیەت و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە بێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك بەڕێوەبچن.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا تەوەرێكی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو.

هەروەها لەو دیدارەدا، باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان كردەوە و سەرۆك بارزانیش وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و بەریتانیا، خوازیاری قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا بوو.

بارەگای بارزانی راشیگەیاند، مایك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی لە عێراق هاتووە، ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی باڵیۆزی بەریتانیای كرد و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.