چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

‎كێ ڕێگریی لە خزمەتكردنی ‎سلێمانی دەكات؟

‎هاودەنگ فارووق

‎ئەمشەو مەسرور بارزانی بە ڕوون و ڕاشكاوی پەردە لە سەر چیرۆکێکی خەیاڵی و بێبنەما لادەدا، کە هەندێ لایەن و سیاسەتکار و ومێدیای نابەرپرس، دەمێکە دەهۆڵی بۆ دەکوتن؛ ئەوەش گوایە سلێمانی وەكو هەولێرو دهۆك خزمەت ناکرێت و ئابڵۆقەی خراوەتە سەر. سەرۆكی حكوومەت دەڵێ: با ڕێگەمان پێبدرێ، ئەودەم ئێمە لە هەولێرو دهۆك چ كارو پڕۆژە و ئاوەدانییەك دەكەین، بۆ ‎سلێمانی وھەڵەبجەیش دەیكەین.

‎مەسرور بارزانی بەدەنگی دلێرەوە، خۆی خستە بەردەم ئەزمونێكی مێژوویی گەورە، ئەگەر نەیارەكانی داناو زانا بن و دڵسۆزی خەڵكی سلێمانی بن، هەروا ئەگەر پێیان وایە؛ بارزانی ناتوانێت خزمەتی سلێمانی بكات، با ڕێگەی بدەن و هەموو كورد بكەنە شاهید و بڵێن: داوات كرد ڕێگەت پێبدریت خزمەتی سلێمانی بكەیت؟ فەرموو ئەوە ڕێگەماندا! بەوە سەرۆکی حکوومەت دەكەوێتە ناو ئەزمونێكی مێژووییەوە.

‎باشە ئێوە كە ئەوەندە دڵنیان لەوەی بارزانی ناتوانێت خزمەت بكات، بۆچی ڕێگە نادەن بەو ئەزمونەدا تێپەڕێت؟ مەگەر ئێوە دڵنیانین لەوەی شكست دێنێت؟ ئەی ئێوە شكستی ئەوتان ناوێت؟ كەواتە ڕێگەی بدەن با وەك خۆی داوای كردووە خزمەتی سلێمانی بكات.

‎ئەو تەحەدایەی مەسرور بارزانی دەیکات، خاڵی سەرەتا و كۆتایی هەموو یارییەكەیە، ئەوانەی گلەیی و گازندە دەكەن لەوەی هەولێر و دهۆك خزمەتی زیاتر كراون، ئیدی دەبێت ڕووی ڕەخنەیان بكەنە نەیارەكانی مەسرور بارزانی و بڵێن: بەربەست دروست مەكەن و ڕێگە بدەن ئەزمونی بارزانی تاقی بکەینەوە.
‎سەرۆكی حكوومەت، بەزمانی كوردی و بەئاشكرا هەمووانی خستە بەردەمی قەدەرێكی ڕاستەقینە، هاووڵاتییان ئیدی شاهیدن كێ ڕێگریی لە خزمەتکردنی سلێمانی دەکات!

‎هاووڵاتییان خزمەتیان دەوێت و ئێوەش دەڵێن: مەسرور بارزانی و كابینەكەی خزمەتی پێ نەكراوە، دەی فەرموون ڕێگە بدەن با لە سلێمانی و گەرمیان تاقیبكەینەوە! ئەو ڕێگە پێدانە، هەم داواكاریی حكوومەتە هەم چاوەڕوانیی هاووڵاتی وهەم سەنگی مەحەکی ڕاستی و ناڕاستیی پڕوپاگەندەی ئێوەشە، ئیتر بۆ لێی دەترسن؟!

‎تۆپەکە لە گۆڕەپانەکەی ئێوەدایە، بەئاشكرا دەركەوت ئێوە لەناخەوە دەترسن لەوەی مەسرور بارزانی لە بەڵێنەكەیدا سەردەكەوێت و خزمەتی سلێمانی دەكات و سەركەوتنێكی گەورە تۆمار دەكات، بۆیە ڕێگەی نادەن بێتە پێشەوە و قۆڵی خزمەتی لێ هەڵماڵێت.. بەڵام بۆچی ئەو ڕاستییە بە لایەنگرەكان و مێدیاكانتان ناڵێن و لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە ڕاستگۆ نین و بەردەوام دەیان خەڵەتێنن؟! ئێوە بۆچی دان بەو ڕاستییەدا نانێن كە هەولێر و دهۆك خزمەتكراون و ئێستاش ئیرادەیەك هەیە بۆ خزمەتكردنی سلێمانی؟! ئیدی خۆڵکردنە چاوی جەماوەر بەس نییە؟