ئازاد پێنجوێنی
هەردوکیان دەیانپرسی مەرگ واتای چی ؟ پێیاندەوترا مەرگ بۆزۆرینە واتای مەرگە بۆئێوەش واتای نەمریە. بەزەردەخەنەیەکەوە کەلەگەڵ خەمەکانیاندا ئاوێتەببوو دەیان گووت : مەرگ هەرمەرگە هەردەبێ بمرین کەوایە لێگەڕێن چەشنی سوقڕات با لە پێناو هەقیقەتدا بمرین.
ئێوە نامرن لەناخەوە میوانی پەژارەن و لەدیوی دەریشەوە خەڵکی خەنی دەکەن و وشیاریان دەکەنەوە. بۆیە بۆ ئێوە مەرگ نیە نامەرگە. هەریەکەیان بەخەمێکی قوڵەوە بۆیەکدیان دەڕوانی. کات درهنگە و زەمەن وجودی نامێنێ، دەبێ خۆیان ئامادە بکەن تا بێدەنگی هەتاهەتایان بە گۆڕستانەکە بسپێرن.
(عەریف حمە تاڵ) لەناوجەرگەی سەرادا بەبێ دەنگی وەستاوە، قاقای پێکەنینەکەی لەهەمووشوێنێکی سەرادا وەک زایەڵە بەرگوێیەکان دەکەوێ. جگە لەوحەشاماتە برایم پاشای بابان و عەولەسیسی شۆڕشگێڕیش بێبەش نین لەو قاقایەی هادی، ئەوەتا دەیان بینین دڵ خۆش دیارن.
مەولەوی لەشەقامی بێکەسی شاعیرو بێکەسیش لەشەقامی مەولەوی شاعیر هەگبەیەک قاقای هادیان پێیەو دەیبەن بۆشەقامی پیرەمێردی نەمر تاهەرسێکیان هۆنراوەیەک لەسەر دوا زەردەخەنەی (عەریف حەمە تاڵ) بنووسنەوە و بەدیواری سەرادا هەڵیواسن.
هەورەکان بەردەمی تیشکی خۆریان تەنیوە و ڕووخسارێکی خەماوی لەخوار ئەسحابە سپیەوە بەهەڵەداوان بەرەو چایخانەی شەعب دێت.جگە لە (دێنی بەکرسۆرانی) دەبێ کێ بێت.
(دێنی) هەنگاو دەنێت و بەدوای (حەمەتاڵ)ـدا دەگەڕێ و بەردەوام خەمی لێدەکەوتە سەرزەویەکەو هەنگاوەکانی جۆرێکە لە بەرجەستەی نواندنە سەرنج ڕاکێشەکانی. هەناسە ماندووەکانیشی بەشێکن لە خەم هەڵگرتوی هونەرەکەی.
چاودەگێڕێ بۆ(هادی) و بەرەو کۆشکی هەنار هەنگاو هەڵدەگرێ تابیسەلمێنێ شادیەکانی بۆ خەڵکەو خەم و حەسرەتیش هەربۆخۆی. (دێنی)ـش خەریکە چاو بە شوێنەوارەکانی کۆشکی هەناردا دەگێڕێ و دەیەوێ ماڵ ئاواییی لەهەموشتێک بکات. دەستی (جەزا حەمەسەعیدی) هاوڕێی گیانی بەگیانی دەگرێت و دەیباتە لێواری پەرژینی باخچەکەی سەراوە بەگوێیدا دەچرپێنێ کە بەنیازی سەفەرێکی دورودرێژە بۆدۆزینەوەی هاوڕێکەی.
هەورێکی چڵکن و ڕەش بەری ئاسمانی گرتوە. شار کش ومات، دەنگی قاقا و نەرمە خەنە نیە. دڵەکان بونەتە جاڕچی و هەواڵێکی جەرگ بڕیان پێیە. گەڕان و سۆراخێکی زۆر بەردەوامە. دواجار لەچەند ڕۆژێکی خەماوی و ناوەختدا بەیەک دی شاد دەبنەوەو ئارامی دەکەنە دوامەنزڵگایان. لافاوی خنکێنەرو لێڵو قوڕاوی مەرگ خەریکە ئێمەش دەخنکێنێ لەتاویان هاتن و خەرمانەی دڵیان بەبای نەسیم سپارد تا لەهەناوی گوڵە گەنمەکاندا بیکەنە دیاری بۆ هەموان. کزەی مەرگ گەییشتە ناوجەرگەی دڵو مێشکیان. نەسیم نەماو باهۆز هات و لەناو خەمدا ئەوان چوون . بانەختێک ئاگامان لەپێوانەی ترپەی دڵیان بێت ئەوان ماندوون و تنها چاوانیان لێکناوەو مۆڵەتن هاکا بەم نزیکانە گەڕانەوە ناوئەبەدیەتی نەڕۆیشتنیان.
لێرە تەرمی دوو هونەرمەند بەپێوە نێژراون. ئەوان بەگژ هەوروبادا دەچنەوە .(هادی) فڕین پێشکەشی( دێنی) دەکات و (دێنێ)ـش ئازادی پیشانی (هادی) دەدات. (دێنی) گوڵ دەبات بۆ(هادی) و (هادی)ـش لەدرزی ئەندێشە فراوانەکەیەوە بانگهێشتی (دێنی) دەکات کەئەو سێ مانگی مۆڵەتەی بۆبکات بەمۆڵەتی هەتاهەتای و ئەگەر کرا سەردانێکی بکات چونکە بەتەنها خەریکە دیق دەکات.
خەونو ئاواتەکانیشیان بەبەرچاوی ئەوعالەمەوە هەور بڵاوەیان پێدەکات و پێکەنینە بەرزەکەی جەنابی (عەریف حەمە تاڵ)ـو، شنەی بزە نەرمەکەی کاکە (دێنی) لەخەزانی تۆفانی دوریان ناژاکێ و شنە ـ با ـ یاریان پێدەکات و لەئەندێشەکاندا ماونەتەوە. ئای چەندە جوان بوو، دەمان بینین لەدەروازەی ژوورەکەدا. هەمووجارێک دەیان گووت خەمی ئێمە بۆ ئەوکەسانەیە کەگوڵ لەئینجانەکان هەڵدەکێشن و جارێکی تر گوڵەکان ناڕوێنەوە.
(دێنی) و (هادی) ئینجانەی ڕۆحیان گوڵە باخی هەمە چەشنەی وەفابوو. دەرکەوتەی ڕەنگ و پەیامی هونەریان هەموو دەم لەشکۆفەدا بوو. بەهێمنی هیوایان دەدواند تالەساباتی گوڵە ئەرخەوانیدا هیوا بڕوێننەوە. ئاوێتەیەک بون لە هارمۆنیا بەیادی ئەودەمانەی کە ئەوان بوون و ئێستاش هەمیشە هەن. حەیف بۆ ئێمە گەر لەیادی کەین جوانی ڕۆحی جەماڵیان. ناوی مەردانەی ئەوانە هەمیشە والەپاڵ ناوی حەلاج عیشق و ئەوینی هونەریان هۆکارێکە بوەتە سەری بەرزیان هەمیشە تاجی خەمخۆری هونەر لەسەرسەریان.
توخوا ئەرخەیان بن ئێمە بەرچاو ڕوونین لەوەی کردتانە دیدارتان خۆشەویستیتان لەبۆ هەتایە هۆی نەفەسمانە والەدڵماندا هەرگیز نامرێ و بەردەوامین و کۆڵ نادەین بەڕێگاوەین تا بەدی دەهێنین شوێن پێی هەنگاوتان. ئێوە دووانەیەک بوون بەردەوام بون هەرنەوەستان تاکو بگەنە ئەوساتەی دڵخۆشی کەن بەم پەیامە ئاواتو خۆزگەو هیواتان ـ کاکە (دێنی) خۆنەویست بو جیلوەی هەنگاوی هونەروان لەتەک (عەریف حمە تاڵ)ـدا نووسیانەوە نەمرییان چەندە جوانو ناوازەیە پەیامیان وا خۆی ئەنوێنێ ئەوان بوون خەم خۆری هونەر بوون بە مێژوو بۆهەموومان.
لە هەقیقەتی وەفاو هەنگاوی ڕەسەنتان بۆ یارانتان هەرنەوەستان تا هەمووان بگەیەننە ئاستان. دەبێ هەمووکەس بۆ نواندنە ئەزەلیەکەتان لەڕاگرتنی جامی ڕژانی دڵیان بوەستن و ڕابمێنن لەتواناتان. تا ئێوەش بەپریاسکەی دایەلۆگی پڕمانا ئاوەزیان بۆ پڕبکەن لەوێنەو کردارو دیمەنی خەرمانەی گوڵە نێرگزی بەهارانتان. ئەوە هەرخۆتانن بێبەش نابن لە هەوای سازگاری نەسیمی باڵای هونەر چونکە هەمیشە ئاهو ناڵەتان ببووهاواری کوچە وکۆڵان و و خیابانی جوانترکردنی هونەر ئاخر ئیشراقی نێو دڵتانە بۆتە رۆشنایی چاوانتان کە هەمووشتێک لەجوانیدا بۆتە دیدارتان لەڕووخسارتانەوە دیارە. ئێوە تابلۆیەکن بەردەوام لەناو هەقیقەتدان ناوێکن لەمەنزڵگەی ئەندێشەی فراوانمان ئاوازێکن بۆ هارمۆنی نەمامی ئاودانو ئاوەدانی بۆچرۆی جوڵاندنی ئایدیامان هیوای جوانی و ڕوانگەو هێژای پاراستنی کلتورو فەرهەنگن بۆیە لەڕوانگەمانەوە هەمیشە سمبوڵن، ئاخ،،، ئاخ لەئێوە نازانین بەچ شێوەیەک مافی خۆتان بدەینێ ئەوەندە بەوەفابوون بۆ هونەر تەنها ناچارین هەر ئەم دڵەتان بەخەڵات بدەینێ تا لەبێ ووچانی بینینی حەقیقەتی نەمریتان لەعەهد و وەفاتان هەرگیز خەواڵو نەبین لە بۆ یادکردنتان.
شەریعەتی دەیگوت :”
لەژێرهەرچڵی دارێک
لەکەناری هەرجۆگەیەک
لەژێر هەر دیوارێک
هەقیقەتێک خەوی لێکەوتوەو ئێمە نایبینین.
بەڵام بە هەنگاوی بێپەرواتان ئێمە لەهەناوی ڕۆحتانەوە هەقیقەتی بەئاگایی داهێنان و خەمە زۆرەکانتان دەبینین و تامەزرۆین تا هەمیشە بگەینە ویساڵتان.
مانگ لەشەودا بەبێ دەنگی تریفە دەنێرێ بۆشار
مەولانای ڕۆمیش لەشەودا بێدەنگی دەنارد بۆیار
(عەریف حمە تاڵی )خۆنەویست و(دێنی) ماندوونەناس بەبێ دەنگی لەخوناوی وردە باراندا هەموو ڕۆژێک وەک تریفە خۆیان دەخزاندە دڵەکانەوە.
بۆیە لەیادتان ناکەین و دێوانە بوونی هەنگاوە بوێرەکانتانین. تنها لەسەر زارمان نەهێناوەو بیدەین بەئێوە تاوەکو ڕازیتان بکەین بەوەی تنها پەیکەرێکتان لە مێژووی ڕۆحی ئارامی خۆتان بۆدروستبکەین. خۆتان بەجیاو ئەندێشەتان بەجیا کە چەندەها پەیکەری لە هەقیقەت دروست کراوی مێژووی خەم هەڵگرتوی بەردەم تریفەی هونەربوون.
ئەم چەند پەیڤەم لە کرۆکی داری هیواو ئاوات هەڵکەندوەو هەڵم کۆڵیوە تاوەکو بنچینەو ڕەگی داکوتراوی ناخ بهەژێنێ کە بێشک ئەم دووهونەرمەندە بونەتە هۆکار بۆجوڵاندنی ئەوناخەی کە ڕەگو قەدی بەباڵاماندا شۆڕبۆتەوەو ناوەوە و دەرەوەی تەنیوە. چەند وشەیەک کە جوانترین وشەی ژیانن بۆمرۆڤی ڕاستە قینە ووشەگەلێکی زێڕینن کە هەردەبێ ڕۆحو دڵ، چاوی دڵ، زمانی جەستە، پاکی ڕۆح، بتوانێت دەری ببڕێت بۆ ئێوەی ماندوو. دەنا لەسەر زار وتنی ئاسانەو فریودانی خۆمانە.
ئەمە ووشەی دەمارەکانی دڵەو بونەتە پەیڤی گوڵشەن بوون کە هەموگیانمانی تەنیوەو لەهاتو چۆدایە بۆنێو دڵ و دڵیش بەوەفاوە دابەشی دەکات بەنێو ئاوەزماندا تا لە ڕێگای ئێوەوە هەموومان بەرەوئاسۆیەکی دیارو ڕوون ڕاپێچ بکات.
باش بزانن ڕۆژێکی بێدەنگی ئێوە جەرگمان پارچە بوونە. بەڵام دڵ هەواڵێکی خۆشی پێیە بۆمان کە دەڵێت مادام عیشقو ئەوینو دێوانە بوونی زیندوو ڕاگرتنی نەمرەکان لەهەناوتاندا هەمیشە وجودی هەیە و مێژوومان بۆ دەنووسنەوە و عیلاقەیەکی پتەوتان بە مانەوەی ژینو ژیان و بەرهەمەکانتانەوە هەیە ئەوا هەموومان دەکاتە یەک بوون، یەک هاوڕا دەمانسپێرێت بەگیانی پاکی ئێوە تا لەئایندەدا ئێمەش بە نەمری لەسایەی هەمیشە زیندوویەتی و دیاربوونتانەوە بنووسرێینەوە.
ماڵ ئاوا دوو هونەرمەندە خەم هەڵگرتوەکەی هەقیقەت….