سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەدەپە چۆن دەبێتەوە پارتەكەی 2015؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە هەڵبژاردنەکەی 14ی ئایاردا، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، یەك ملیۆن دەنگ كەمی كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لایەنگرانی ئەو پارتە بە توندی دژی ستراتیژییەتی هەدەپە بوەستنەوە و داوا بكەن بە پەلە كۆنگرە ببەسترێت. هەدەپە چۆن هەڵدەستێتەوە؟ چۆن دەبێتەوە ئەو پارتەی وەكو 2015 كاریگەریی هەبێت و حیسابی بۆ بكەن؟

لە 2015، هەدەپە وەكو پارت چووە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی، ئەمەش بۆ یەكەمجاربوو لە مێژووی توركیادا، پارتێكی كوردی ئەو ریسكە بكات و وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە. هەدەپە توانیی 80 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەمەش بووە باسوخواسی میدیا ناوەخۆیەكانی توركیا و جیهان.
هەدەپە، لەو سەردەمەدا لەناو پەرلەمان پێگەیەكی بەهێزی هەبوو، هەرچەندە هاوسەرۆكانی پارت و 10 پەرلەمانتاریان لێ خرایە زیندانەوە، بەڵام وەكو پارتێكی كوردی، پێگەی بەهێز بوو و لەناو پەرلەمان حیسابی بۆ دەكرا. بەر لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایاریش، هەموو شرۆڤەكار و دەزگاكانی راپرسی پێیان وابوو، هەدەپە كلیلی هەڵبژاردنی توركیایە و پشتگیری لە كام بەربژێر بكات، ئەو بەربژێرە دەبێتە سەركۆماری توركیا.
راستە دەنگدەری هەدەپە بوو، وای كرد هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بكەوێتە گەڕی دووەم، بەڵام ئەگەر هەدەپە، لە گەڕی یەكەمدا بەربژێری هەبوایە، بۆ گەڕی دووەم دەكەوتە مامەڵەكردن لەگەڵ هەردوو بەربژێر، رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەڵام هەدەپە كوێرانە دوای كلیچدارئۆغڵو كەوت و ئەنجامەكەش بە خراپە بۆ هەدەپە شكایەوە.
پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە، هەدەپە چۆن دەبێتەوە ئەو پارتەی، لەناو پەرلەمان و لە هاوكێشەی سیاسی توركیادا حیسابی گەورەی بۆ بكرێت؟
توركیا دوای هەشت مانگی تر، دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، هاوسەرۆكانی هەدەپە، دەڵێن لە هەموو شوێنێكی توركیا بەربژێرمان دەبێت، ئەمەش بڕیارێكی گرنگە، دیارە وانەیان لە هەڵەی هەڵبژاردنی 14ی ئایاری سەرۆكایەتیی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە و دەبێت هەدەپە كاری لەسەر بكات، بردنەوەیەتی لەم هەڵبژاردنەدا.
هەدەپە، دەبێت بانگەشەیەكی تەندروست بكات، تا بتوانێت زۆرترین شارەوانی لە باكووری كوردستان بباتەوە، واتە لەڕووی دەنگەوە دەبێت ببێتە پارتی یەكەم و بەپێش ئاكەپە بكەوێت، بەتایبەت لەو شارەوانییانەی ئاكەپە تێیدا سەركەوتووە.
ئەگەربێتو هەدەپە، توانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنێت و زیاتر لە 100 شارەوانیی بباتەوە، ئەوكات قورسایی خۆی لە باكوور نیشانی توركیا دەدات، بەڵام گەر دەنگەكانی كەمی كرد، ئەوكات پارت بەرەو لاوازبوونی زیاتر هەنگاو دەنێت.
بێدەنگبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەنگی هەدەپە دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو سیاسییە ئاشت بكرێتەوە و قسەی لەگەڵ بكرێت تا بێتەوە ناو كایەی سیاسەت.
ئاشكرایە پەكەكە دەسەڵاتێكی تەواوی بەسەر هەدەپەوە هەیە، ئەمەش دەمیرتاشی نیگەران كردووە، بۆیە دەبێت لە بری پەكەكە، دڵی دەمیرتاش رازی بكەن، چونكە ئەوە بوونی دەمیرتاشە هەدەپە دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی حیساب و پێگەی بەهێز بێت، نەك پەكەكە، كە بەردەوام دەستوەردانی زیان بووە بۆ دەنگی هەدەپە.
ئەگەر هەدەپە، بە قورساییەكی گەورەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لێی بێتە دەرەوە، ئەوكات دەبێتە ئەو پارتەی حیسابی جیدی بۆ دەكرێت و وەكو 2015، لە هاوكێشەی سیاسی توركیادا دەبێتە ژمارەیەكی گرنگ و حیساب بۆ كراو.