سەبارەت بە ڕێنمایی دارایی ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی / ٢٠٢٣ تایبەت بەوەرگرتنەوەی قەرزو گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی ( هاوسەرگیری و خانووبەرە و نیشتەجێبوون ) لە دەستەبەر ( کەفیل ).
پێدانی قەرزو بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجامدراوەو لەساڵانی ڕابردودا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی ڕەچاوی قەیرانی داراییان کردووەو ئاسانکاری زۆریان پێشکەش کردووە بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی قەرزەکان و چەند جارێک بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبونی تەواو کراوە لە هەموو ( سزا ) کەڵەکەبووەکان و داشکاندنی ١٥ ٪ بۆ کۆی گشتی قەرزەکان .
ئەم ڕێنماییە ( ڕێنمایی ژمارە ٩ ) لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانی خاوەن قەرزو کەفیلەکان دەرچووە و لەبڕی ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە ڕابگیرێت، لەمەودوا تەنها ٥/١ ( یەک لە سەر پێنجی ) مووچەکەی مانگانە دەبڕدرێت، ئەوەش کاتێک ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لەماوەی دوو مانگدا قەرزە کەڵەکەبووەکان بگەڕێنێتەوە. لێبڕینی ڕێژەیەک لە مووچەی کەفیل بەیاساو بڕیاری دادگا ڕێکخراوە، تەنها ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەرن و بونەتە کەفیلی هاوڵاتی و تەنها بۆ سێ جۆر قەرزە کە ئەوانیش قەرزی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون ، هاوسەرگیری ).
بەپێی ڕێنماییەکە خاوەن قەرز ئیجبار نەکراوە لەماوەی دوو مانگەکە هەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەر کەسێ نەیتوانی لەو ماوەیە قەرزەکە بداتەوە دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی ڕێک بکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە کەفیلەکە کە لەمووچەکەی دەبڕدرێت.
بۆ ئاگاداری هەموو لایەک هیچ گۆڕانکاریەکی جیاوازو بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکان نەکراوە و کەسی کەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندێتیەی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانکە پسپۆڕیەکان دەسەڵاتی لێخۆشبونیان لەهیچ بڕێکی قەرزەکە نییە.