پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەنجامى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆراى پەسەندکرد

وه‌زیرى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سەرکەوتنى گه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی خوێندنی دبلۆمى باڵا و ماسته‌ر و دكتۆراى له‌ زانكۆ حکومییەكانی كوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) راگەیاند، کە بە گه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵا له‌ هەرێمى كوردستان داده‌نرێت.

دوای ته‌واوبونی قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی پێشكه‌شكردن و ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی و رێکخستنى کێبڕکێ و پەیڕەو کردنى سیستمى خاڵبەندى بۆ پێشکەشکارانى خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانکۆ حکومیەكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی (2023-2024)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەو پەڕى شەفافیەت و بێ لایەنى جارێکى تر وردبینى لە داتاکان کردەوە، ئەویش لەپێناو چەسپاندنى پرەنسیپەکانى دادپەروەرى و شەفافیەت و هەلى یەکسان، دواتریش ئەنجامەکانى پەسەند کرد، بۆ ئەمەش خوازیاران لە (ئەمڕۆ)ەوە دەتوانن ئه‌نجامە بەراییەکان له‌سه‌ر وێبسایتی فەرمی زانكۆكانیان وه‌ربگرنه‌وه‌.

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردەوە، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌رگیراوان له‌ گشت زانكۆكانی كوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: ئومێده‌وارین له‌ ئاست چاوه‌روانییەکانی سێکتەری خوێندنی باڵاو نیشتمانەکەماندا بن و به‌ ئاستێكی زانستی به‌رز درێژه‌ به‌ خوێندنی باڵا بده‌ن و بڕوانامه‌ به‌ده‌ست بهێنن به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تگه‌یاندن بەھەردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روه‌ها وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مژدە دەداتە ئەو‌ پێشکەشارانەى کە ده‌رفه‌ت نه‌بوه‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندنى (2023-2024) وه‌ربگیردرێن بە هۆى نەمانى کورسی یاخود دەرنەچون له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی توانستى زانستی، وه‌زاره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆ حکومیەکانى کوردستان‌ له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مانگی (9)ی ئه‌مساڵدا، خولێکى دیکەى پڕۆسه‌ی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانكۆكان دەستپێبکات.

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی، سوپاسی تایبەت ئاراستەی سەرجەم سەرۆک و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان و راگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان و کارمەندان و فەرمانبەران دەکات کە بە شەونخونی و ھەوڵ و ماندوبونیان پرۆسەکەیان بەسەرکەوتویی جێبەجێ کرد.

جێگەى ئاماژەیە پێشکەشکاران لە دواى راگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکان، ئەگەر هەر تانەیەکیان هەبێت، لە ماوەى (5) پێنج رۆژى کارکردن دەتوانن بەشێوەى ئۆنلاین لە وێبسایتى رەسمى زانکۆکانیان تانە تۆمار بکەن.