چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

فڕاکسیۆنی پارتی دەیەوێت کۆتایی بە داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد لە کەرکووک بهێنێت

پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە بە دۆخێکی کارەساتباردا تێدەپەڕێت لە ڕووی دۆخی ئەمنی و سیاسی و پێکەوژیانی ئاستیانەی پێکهاتەکانییەوە.

یەکێک لە گرفتە بەردەوامەکانی ئەم سالانەیی دوایی پارێزگاکە، هێرش و پەلاماردانە بۆ سەر زەوی جووتیارانی کورد لەو سنوورە، کە ساڵانە و لە لاتی چنینەوەی بەرهەمەکانیان ئەم گرفتە بەرۆکیان دەگرێتەوە و حکوومەتی عێڕاقیش سەرباری بەڵێنەکان دەستەوەستانە لە ئاست ئەم پێشێلکارییانە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری کەرکووک-پردێ، بەسەر کردەوە و لەوێ باسی لە گرفتی جووتیارانی کوردی سنوورەکە کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە سەرۆکوەزیرانی عێڕاق بەڵێنی چارەسەر کردنی ئەو گرفت و پێشێلکارییانەی داوە کە بەسەر جووتیارانی کورددا دەهێنرێت و ڕاشیگەیاند؛ پێویستە بوەستێنرێن.
فڕاکسیۆنی پارتی، لە پەرلەمانی عێڕاق، سەرباری ئەوەی ئێستە پەرلەمان لە پشووی هاوینەیدایە، خەریکی ئامادە کردنی پرۆژەیەکە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە بە یەکجاریی بنبڕ بکات و لە ڕێگای ئەو پرۆژەیەوە سەرجەم ئەو یاسایانەی سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی عێڕاق هەڵبوەشێنێتەوە کە تا ئێستاش حکوومەتی عێڕاق لە بابەتی زەوی و زار کاری پێدەکات.
نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێڕاق، ڕایگەیاندووە؛ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جووتیارانی کەرکووک بەردەوامە و جووتیاران دەڵێن: ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان تا ئەو کاتەی کێشەکانمان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارە دەکرێن و ناکرێت ھەموو ساڵێک دووبارە ببێتەوە، ئێمەیش وەک فڕاکسیۆنی پارتی پشتیوانی لە جووتیارانی کەرکووک دەکەین.

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: جووتیاران داوا دەکەن ھەر بڕیارێکی سەردەمی رژێمی بەعس کە تایبەتە بە کێشەی زەوی و زار هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەگەر کار وابڕات تا دنیا ھەیە کێشە بۆ جووتیارانی کەرکووک دروست دەکرێت، ھەرچەندە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
دەشڵێت: دوای کۆتایی ھاتنی پشووی پەرلەمانی عێراق ئێمە پڕۆژەیەک ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی ھەموو بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی بەعس پەیوەست بە کێشەی زەوی و زار ھەڵبوەشێتەوە و بە دەرچوونی پڕۆژەکە کۆتایی بەو کێشەیە دێت چەندین ساڵە جووتیارانی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێیەوە دەناڵێنن.
جێگای ئاماژە پێکردنە، هێزە عێڕاقییەکان لە سنووری کەرکووک جگە لەوەی لەم کێشەیەی جووتیارانی کورد بێلایەن نابن، زۆرجاریش پاڵپشتیی ئەو کەسانە دەکەن هێرش دەکەنە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد و چەندین جاریش بەرهەمەکانیان بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانی ئەو سنوورەوە سووتێنراوە.