چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شیرێکی دوو دەم!

ئامانج شاکەلی

تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ له‌ ڕاستیی ناوه‌رۆكی هه‌ڵوێست و په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌ ئه‌وروپایی و پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان به‌رامبه‌ر وڵاتان و گه‌لانی جیهانی سێیه‌م به‌ ئێمه‌ی كوردیشه‌وه‌، ده‌بێته ‌هۆی گه‌شه‌كردنی هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانین و په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و هه‌ره‌سهێنانی بنه‌ما و كۆڵه‌كه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی وڵاتانی گه‌شه‌نه‌كردو و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی هێشتا نه‌بوونه‌ته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان؛ چونكه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی دووسه‌د ساڵه‌ی جیهانی پێشكه‌وتوو، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی بنیاتنان و پێشكه‌وتنی ئه‌وان په‌یوه‌ستێكی ئه‌رێیی به‌ نه‌هامه‌تی و ژێرده‌سته‌یی وڵاتانی گه‌شه‌نه‌كردووی جیهانی سێیه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌.
بێگومان، ئێستا سه‌رده‌می داگیركردنی وڵاتان و چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و تاڵانكردنی به‌روبوومه‌كانیان، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ نموونه‌ له‌ كۆنگۆ و هیندستان و باشووری ئه‌فریقا ڕووی دا، به‌سه‌رچووه‌، به‌ڵام شێوازێكی به‌هێزتر و ترسناكتریان خستۆته‌ گه‌ڕ. ئه‌ویش شێوازی وێرانكردنی فه‌رهه‌نگیی و تێكشكاندنی كاراكته‌ری مرۆڤه‌كانی جیهانی سێیه‌مه‌.
ئه‌وروپا و وڵاتانی پێشكه‌وتووی تر، به‌ هاوكاری و یارمه‌تیدانی ڕوواڵه‌تی وه‌ك پێدانی مافی په‌نابه‌ری و ڕێكخراوه‌ خێرخوازه‌كان و بڕێ دامه‌زراوه‌ی فه‌رهه‌نگی‌، خۆیان وه‌ك فریاگوزار و فریشته‌ی به‌زه‌یی پیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌وانه‌ له‌ ناوه‌رۆكدا ئه‌ركێكی سیاسیی ورد و قووڵ به‌ حه‌وسه‌ڵه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
له‌ كوردستانی خۆماندا، زۆر نییه‌ دیارده‌ چه‌په‌ڵه‌كانی وه‌ك سووكایه‌تی به‌ زمان و داب و ده‌ستووری نه‌ته‌وایه‌تی، گه‌شه‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند دیارده‌یه‌كی زڕه‌ فه‌رهه‌نگیی و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری، گه‌شه‌سه‌ندنی ناقۆڵای دیارده‌ (ئیستیهلاكییه‌كانی) وه‌ك مۆڵ و باڵه‌خانه‌ی به‌رز و ئۆتۆمبێلی زه‌به‌للاح، متمانه‌ خسته‌سه‌ر به‌رهه‌می ده‌ره‌كی و بێنرخكردنی به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان و گه‌لێ دیارده‌ی دی، سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و ئێمه‌ش كوێرانه‌ و سافیلكانه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ هۆكار و سه‌رچاوه‌كانیان بگه‌ڕێین، دوای قه‌ره‌باڵه‌غییه‌كه‌ كه‌وتووین و به‌ ده‌ستی خۆمان گۆڕ بۆ مانه‌وه‌ و بوونی خۆمان هه‌ڵده‌كه‌نین.
زۆر له‌و كوردانه‌ی له‌ ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌موو شتێكی كوردستانیان لا پووچ و ناشیرین و دواكه‌وتووه‌ و ده‌یانه‌وێ كوردستان كۆپی ئه‌وروپا بێت! بێ لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیی مێژوویی و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد. دیاره‌ هه‌رگیز ناكرێت پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ زۆری زۆرداره‌كی به‌ باڵای شه‌كه‌ت و تێكشكاوی ئێمه‌ماناندا ببڕرێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤ بیه‌وێت پاڵتۆی كابرایه‌كی قه‌ڵه‌و و كه‌ڵه‌گه‌ت له‌به‌ر كه‌سێكی لاواز و كورته‌باڵا بكات.
مرۆڤی ئه‌وروپایی له‌لایه‌ن هێزێكی په‌روه‌رده‌یی نادیاره‌وه‌ وا په‌روه‌رده‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سێكی باڵاده‌ست و زیره‌ك و به‌ توانایه‌، مرۆڤه‌كانی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، ته‌نها بۆ به‌زه‌یی و ئنجا بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌وروپا و جیهانی پێشكه‌وتوو ده‌شێن. بۆیه‌ زۆرێك له‌ كوردانی هه‌نده‌ران به‌داخه‌وه‌، خه‌ڵه‌تاوی دۆستایه‌تییه‌ ڕووكه‌شه‌كه‌ی ئه‌وروپان و ئاگایان له‌وه‌ نییه‌ چۆن به‌پێی سیاسه‌تێكی داڕێژراو، تۆوی خۆبه‌كه‌م زانین و ئه‌وروپاپه‌رستییان له‌ ناخدا ده‌چێنرێت.