سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دەستەی گەشتوگوزار: پلانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و بێ کەموکووڕی جێبەجێ کرا

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە رۆژانی پشووی جەژنی قوربان، نزیکەی 689 هەزار و 889 گەشتیار، سەردانی شار و سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

بە گوێرەی ئامارێکی دەستەی گەشتوگوزار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی شەش رۆژدا (26ی حوزەیران تاکوو 1ی تەممووزی 2023)، 689 هەزار و 889 گەشتیار لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە پێک دێن لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی عێراق.
ئاماژە بەوەشدراوە، بۆ ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان، دەستەی گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت، ئامادەکاریی تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی شارستانییانە کرد و هەموو هەوڵەکانی خۆیشی بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ گەشتیاران گرتە بەر؛ پلانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و بێکەموکووڕی جێبەجێ کرا و هیچ رووداوێکی نەخوزاراو رووی نەدا.