بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری زاخۆ رایدەگەیەنێت، پێشبینیان دەکرد نزیکەی 70 هەزار گەشتیار بۆ رۆژانی جەژن سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکەن، کەچی پێشبینییەکەیان راست دەرنەچوو. هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی ئەمنی دەگەڕێنێتەوە.
دوێنێ دووشەممە، چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ئاشکراکرد، کە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ رۆژانی جەژن سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆیان کردووە.
وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی پێ دا، پێشبینیان دەکرد بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ بکەن، بەڵام تەنها 54 هەزار و 234 گەشتیار سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە.
بەگوتەی چیا ئەمین، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە لە ناوچە سنوورییەکان، رێژەی هاتنی گەشتیاران بەراورد بە سالانی رابردوو کەمیکردووە. جەختیشی لەوە کردەوە، وەزری گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە دوای جەژنی قوربان دەستپێدەکات و کار لەسەر ئەوە دەکەن گەشتیارەکان سەردانی سەرجەم ئەو شوێنە گەشتیارییانە بکەن، کە لە رۆژانی جەژندا دەستیان پێنەگەیشتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزارەوە راگەیەندراون، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە پشووی جەژنی قورباندا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەمشێوەیە بووە:
- سنووری پارێزگای هەولێر: نزیکەی 144 هەزار گەشتیار
- دەڤەری سۆران: زیاتر لە 134 هەزار گەشتیار
- سنووری پارێزگای سلێمانی: 113 هەزار گەشتیار
- سنووری پارێزگای هەڵەبجە: 100 هەزار گەشتیار
- سنووری پارێزگای دهۆک: 96 هەزار گەشتیار
- دەڤەری زاخۆ: 54 هەزار گەشتیار
- دەڤەری راپەرین: 47 هەزار گەشتیار
- دەڤەری گەرمیان: 15 هەزار و 899 گەشتیار