سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

کاتێک ساختەبوون ژیان داگیر دەکاتسەرنجدانێک لە کتێبی “ڕۆشنبیرە ساختەکان”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

چارلی چاپلن لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات کۆمپانیایەک پێشبڕکێیەکی بۆ ئەو کەسانە ڕێکخست، کە خوازیاری لاساییکردنەوەی من بوون. لە پێشبڕکێکەدا خۆیشم بەشداریم کرد. کاتێک پێشبڕکێکە ئەنجام درا هەریەکێکی لەوانە چەند جوڵە و نمایشێکی منیان دووبارە دەکردەوە و خۆیشم بەهەمان شێوە، کە بەشداربووم لیژنەکە چیان داوا کرد ئەنجامم دا. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو، کە خۆم خەڵاتی چوارەمم وەرگرت لە ڕیزی لاسایکەرەوانی خۆم.

ڕەنگە ئەم چیرۆکەی چاپلن هەروا بە سادەیی بێتە بەرچاومان، بەڵام ئەم چیرۆکە سەلمێنەری ئەوەیە کە دونیای ئێستا دەمێکە پشتی کردووەتە “ڕاستەقینە” و ئەوەی پەسەندی دەکات “ساختەکانن”. سەردەمی ئێستا سەردەمی ونبوونی بەها و ونبوونی هەموو شتێکی ڕاستەقینەیە. لەبری ئەوانە دونیایەکی ساختە دروست بووە، کە دەیەوێت جیگەی دونیا ڕاستەقینەکە بگرێتەوە. بێگومان کاتێک باسی دونیای ساختە دەکەم مەبەستم لە هەموو ئەو پنتانەیە کە ساختەبوون جێگەی ڕاستەقینەی گرتووەتەوە. هەر لە ئەدەب و هونەرەوە بۆ کایەی ئابووری و سیاسەت. هەر لە نووسەر و هونەرمەندەوە بۆ ڕۆشنبیری و پەرلەمانتار. ساختەبوون سیمای ڕاستەقینەی ئەم سەردەمەیە و ئەوەی جێگەی نابێتەوە ڕاستەقینەکانن.
هەفتەی پێشوو کتێبی “ڕۆشنبیرە ساختەکان”م خوێندەوە، کە بەشێوەیەکی ورد و بەسادەیی تیشک دەخاتە سەر ئەو دونیا ساختەیەی کە هەموو جێگەیەکی گرتووەتەوە. ئەم کتێبە لە نووسینی “باسکاڵ بوونیڤاس”ـە و “سابیر عەبدوڵڵا کەریم” کردوویەتی بە کوردی و دەزگای ئایدیا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە لە بنەڕەتدا تیشکخستنە سەر دیوە درۆزنانەکەی میدیایە، کە لە ئێستادا هەموو جێگە و پنتێکی ژیانی داگیر کردووە و هیچ جێگەیەک نەماوە دەستی پێی نەگات.
نووسەر هەر لە پێشەکی کتێبەکەوە تیشک دەخاتە سەر مەتریسداربوونی ڕۆشنبیریی ساختە، کە توانای ئەوەی هەیە خۆڵ بخاتە چاوی هەموو خەڵکییەوە. ئەو باس لەوەش دەکات مەترسی رۆشنبیریی ساختە ئەوەیە، کە لە هەڵەیەکەوە دەڕوات بۆ هەڵەیەکی تر و ئیدی زنجیرەی هەڵەکانی دەست پێ دەکات.
کتێبەکە تەنها باس لە رۆشنبیریی ساختە ناکات، بەڵکو لەوێوە دەپەڕێتەوە بۆ سیاسی ساختە و پەرلەمانتاری ساختە و میدیای ساختە، کە بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی درۆ. بەتایبەت درۆگەلێک کە زۆرجار لای خۆیان دەبێتە هەقیقەت. کتێبەکە گەشتێکی ورد و خێرایە بەسەر چەند ڕووداوێکی ساختەدا کە میدیا وەکو هەقیقەت پیشانی داون و بە ڕاستەقینە بە بینەری فرۆشتوون. ئەوەش لەم کتێبەدا فەرامۆش نەکراوە کە زۆرجار بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە دەستی دەزگا ئەمنییەکان و دەزگا موخابەراتییەکانی لەپشتەوەیە و مەرامێکی تایبەت لە پشت ئەو هەواڵ و چەواشەکارییانەوەیە.
کاتێک ئەم کتێبەم دەخوێتەوە وێنای ئەو ژیانەم کرد کە لەم کتێبەدا خراوەتەڕوو کە ژیانێکە ساختەبوون داگیری کردووە و هەموان بڕوا بە ساختەیی ئەو شت و هەواڵ و ژیانە دەکەن کە دەگوزەرێت، دۆخێک دێتە بوون کە هەقیقەت بیری هەموان دەچێتەوە و هەر کەسە و ژیانێک دەژی کە جیاوازە لەو ژیانەی کە ڕاستەقینەیە و کۆمەڵگە بەرەو گەشەسەندن و بوژانەوە دەبن.
دوای خوێندنەوە ئەم کتێبە تێدەگەین کاتێک ساختەبوون ژیان داگیر دەکات ئەوەی دەمێنێتەوە ژیان نییە بە ویستی خۆمان، بەڵکو ژیانێکی سەپێنراوە. دەشێ کۆتا پەیامی ئەم کتێبەش هەر ئەوە بێت کە ئاگادارمان بکاتەوە لەو ژیانە سەپێنراوەی زۆرجار خۆشمان ئاگاداری نین.