فازڵ میرانی
دیموكراسی، وەك ڕێبازێك لە گۆڕەپانی كەڵەكەبوو بە بیروباوەڕەكان، ڕووبەڕووی چەندان ئاستەنگ و بەربەست دەبێتەوە. ئەگەر مرۆڤ بە وەرگرتنی شتێك لە دیموكراسی ناچار، یان سەرپشك كرا لە هەڵبژاردن و كاندیدكردن و دەنگدان و بردنەوە، پاشان وا تێگەیەندران، كە دیموكراسی پراكتیزە كراوە و كۆتایی پێ هاتووە. ئەمە كوشتن و پوكاندنەوەی گەشەی فكری دیموكراسییە، داكوتانی ڕیشەی كولتوورێكی دزێو و ناحەزە، با هەرچەند سیستەمی حوكم بەرهەم بێنێ و جەوهەرەكەی بخولقێنی، لە ئەنجامدا زۆرینە ماڵی بە قوڕ دەگیرێت و زیانبار دەبێت، با هەرچەند قەناعەتیشیان بە قەدەری خۆیان هێنا بێت بەوەی دەستكەوت بۆ زۆرینەیە. ئاخر ئەوانە گوێیان لە نەفەرەتی مێژوو نییە، كولتووری پاساودان و شەڕەقسە لەنێوان خۆیان و جەماوەر بڵاودەكەنەوە.
دوور لە هەموو سەلمێندراو و حوكمگەلی ڕابردوو لەبارەی بیروباوەڕەكان لە حوكمڕانیدا، دیموكراسی ڕێبازێكی تایبەتە، قبووڵی گەشەسەندنی خێرا و ڕەخنەگرتن دەكات، هەروەها دەتوانێ بیروباوەڕەكان تاقی بكاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا بیروباوەڕەكان پاك و بێگەردن لە هەموو ئەو كارانەی مرۆڤ بەرەو نەهامەتی و كارەسات دەبەن، ئەو خراپە و دژواریەی لە هێندێكیان دروست دەبێت، بۆچوونی كەسانی تووندڕەوە لەژێر چەتری پیرۆزییەوە، عەقیدەی تووندڕەوییان تەبەنی كردووە، لێرەدا مەبەستم بیروباوەڕە دەستكردەكانە. ئەزموونی بیروباوەڕە دەستكردەكان لە مەینەتی و نەهامەتی كوردستان و عێراق نموونەیان زۆرە. تواندنەوەی نەتەوەیی لە پێش ئەنفال و دواتریش، گازی ژەهراوی و بێسەروشێن كردن و دادگایی ڕووكەش و ساختە و لە سێدارەدان بە یاساگەلی ئەمن و حزبی سیاسی.
دیموكراسی دوژمنی بیروباوەڕكان نییە، لە قەدەغەكراوەكانیشی نییە، بەڵام ئەو كەسانەی باوەڕیان بە گۆڕان و گۆڕانكاری نییە، بەپێی میزاجی خۆیان كار دەكەن، بۆ سنوورداركردنی دیموكراسی لە كاردان، بۆ ئەوەی بیكەن بە ئامرازێكی بەرتەسك و كۆنتڕۆڵكراو بۆ گەیشتن بە ناوەندی یاسادانان و جێبەجێكردن و دەستگرتن بەسەر تێكڕای
جومگەكانی دەوڵەت.
ڕێك عێراق پێشتر بەم بارەدا گوزەراوە، ئەگەر بە جددی بیر لەمە نەكرێتەوە و ئەم دۆخە تووڕ نەدرێت، دەبێت بڵێین” ساڵ بە ساڵ خۆزگەمان بە پار” و عێراق بەرەو باشتر ناچێت، لە كێشمەكێشی لێدوان و پێكداهەڵشاخین دەمێنێتەوە.
جۆرج كلیمسۆ دەڵێت: ” زۆرن ئەوانەی مرۆڤانە دەدوێن و پراكتیزەی ناكەن.” منیش دەمەوێ ئەوەی بخەمە سەر: زۆرن ئەوانەی دیموكراسیانە دەدوێن، بەڵام لە ڕاستیدا دوژمنایەتی دەكەن!