چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای دژی یاسای بودجە تۆمار کرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق تانەی لە 12 ماددەی یاسای بودجەی گشتیی (2023، 2024، 2025) داوە و داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی دەکات، بە فەرمانێک جێبەجێکردنی ئەو ماددە یاساییانەی بودجە بوەستێندرێت، تا کاتی بڕیاردان لەسەر دەستووریبوونی 12 ماددەکە.

لە نووسراوێکدا کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی کراوە، باس لەوە کراوە، تەواوی ئەو بڕگە و ماددانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە، دەبێت لەلایەن دادگای باڵاوە فەرمانێکی وەلائییان بۆ دەرکرێت و، ماددەکان رابگیرێن و کاریان پێنەکرێت، تاوەکو پرسەکەیان لەماوەی 25 رۆژدا، یەکلایی دەکرێتەوە.

وه‌ك له‌ تانه‌كاندا هاتووه‌، زۆرێك له‌ بڕگه‌ و مادده‌كانی ناو یاسای بودجه‌، كه‌ دوای ره‌وانه‌كردنی له‌ حكومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ ده‌ستكاریكراون، به‌شێوه‌یه‌ك، كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی یه‌كناگرێته‌وه‌ و له‌ زۆرێك له‌ بڕگه‌كاندا ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌ت بچووككراونه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر پارێزگاكان هیچ به‌هایه‌ك بۆ وه‌زاره‌ته‌كان دانه‌نراوه‌ و له‌ به‌شێك له‌ مادده‌كانیش هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ په‌رله‌مان دراون و هیچ رۆڵێك بۆ حكومه‌ت نه‌هێڵراوه‌ته‌وه‌.

هەروەها به‌گوێره‌ی نووسراوێکی دادگای فیدراڵ, دادگای فیدراڵ بڕیاری داوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ مادده‌كانی (دوو، شازده‌، بیست، بیست و هه‌شت، په‌نجاوحه‌فت، شه‌ست و دوو، شه‌ست و سێ، شه‌ست و پێنج، حه‌فتا، حه‌فتا و یه‌ك، حه‌فتا و دوو و حه‌فتاو پێنج) كاریان پێنه‌كرێت، تا ئه‌وكاته‌ی دادگا تانه‌كانی سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌.