دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکهوه ئاگەدار بوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، قیرتاوکردنى شەقامى سەرەکی ناوچەى پیشەسازی باکوورى بەسەر کردەوە، کە بەگوژمەى سەد و هەشتا و شەش ملیۆن و دوو سەد و حەفتا و پێنج هەزار دینار لە سەر داهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەشێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى شارەوانیی سێ و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیاران یاوەرى بوون، پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە، وێڕاى دەستخۆشی لە ئەندازیاران و کرێکار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پیرۆزبایی لە کاسبکارانى ناوچەى پیشەسازى باکوور کرد و جەختى لەوە کردەوە کە ويستى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندن و پێشکەشکردن و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزاریی سنوورى پارێزگاکەى زۆر لەوە زیاترە و ڕایگەیاند: لە ژێر ڕێنماییەکانى مەسرور بارزانى، سەروکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد دەکەین بتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى و دەستى ئاوەدانى بەبێ جیاوازیی لە ناو شار و دەرەوەى شار بەشێوەیەکى یەکسان بگەێنین بە هەموو شوێنێک بەتایبەتى گەڕەکە هەژار نشینەکان و ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزاریى و ئاوادانیان پێگەیشتووە.
جێگەى باسە، لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بودجەى سەربار و لە سەرداهاتى 15%ى سەرۆکایەتىی شارەوانیى هەولێر و بودجەى تایبەت بۆ پڕۆژەکان، ژمارەیەکى زۆر پڕۆژەى خزمەتگوزاریى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامداراوەکە بەشێکیان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.