هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئێستە دۆخی کەرکووک خراپە و هەموو پێکهاتە ڕەسەنەکانی شارەکە لەژێر ستەم دان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش لە ١ـی تەممووزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ، دەرگەی خۆپاڵاوتنی بۆ حیزب و ھاوپەیمانێتییەکان کردۆتەوە. پێش چەند ڕۆژێک ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە ھەولێر کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی ئێستەی کەرکووک و ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیان کرد. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، ڕایگەیاند: خەریکی ئامادەکارین بۆ پێکھێنانی لیستێک بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. دەشڵێ: لەگەڵ خیانەتکاران ناچینە ناو یەک لیستەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسیی و ھاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆمار دەکات بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە ڕۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بکرێت، لە ڕابردوودا ٢٦٩ پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمار کرابوون، ئێستەش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی پێنج ملیۆن دینار، حیزبەکان ناوی خۆیان نوێ لە کۆمیسیۆن دەکەنەوە، ھەروەھا ھەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ دەکرێت و بە تەواوی پشت بە یاسایی ھەمواری سێیەمی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبەستێت. عیماد جەمیل، ئەندامی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند: فەرمانگەی کاروباری حیزبەکان و قەوارە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵا، دەستی کردووە بە داواکاری تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتیەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا بکرێت.
عیماد جەمیل، گوتیشی: پرۆسەکە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت، دەشڵێت: دوو سەد و پەنجا ھەزار کارمەند سەرپەرشتیی سندوقەکانی دەنگدان دەکەن.
ئەو ئەندامەی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکراشی کرد: لە ١٥-٧ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان دەست پێدەکات و تاوەکو ١٣-٨ بەردەوام دەبێت.
زییا مەندەلاوی، ئەندامی مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، وەک بڕیارێکی سەرەتایی لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سڵاحەدین، دیالە، بەغدا و واست کاندیدمان دەبێت، بە گوتەی خۆشیان، کار لەسەر ئەوە دەکەن کۆتای فەیلییەکانی بەغدا بەدەست بھێنن.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کێشەکانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ چارە نەکراون، داوا دەکەم ھەموو سەرکردە سیاسییەکانی کورد پێکەوە یەکدەنگ و یەکھەڵویستبن بۆ پاراستنی کەرکووک.
محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکەم کاری پارتی ئەوەیە سەرجەم لایەنە کوردییەکان تێکڕا بتوانن زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بەدەستبھێنن بۆ ئەوەی ئەو ماف و ژمارەی کورسیانەی کە کورد ھەیبوو لە پێشوودا بەدەستی بھێنینەوە.
گوتیشی: ئەو پۆستانەی کە لە کورد وەرگیراوەتەوە بە مافی خەڵکی کوردستانیانی کەرکووک دەزانین کە بەدەستی بھێنینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەچاوی نەتەوە و پێکھاتەکانی دیکە دەکەین ھەر یەکەیان بە گوێرەی ماف و ئیستیحقاقی خۆیان پۆستیان پێبدرێت.
لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، محەممەد خورشید، ڕایگەیاند: ئەگەر کورد پەرتەوازە نەبێت لە بری پێنج لیست دوو لیستی بەھێزی ھەبێت و خۆیان کۆبکەنەوە، پێموایە ژمارەی کورسییەکانی کورد دانابەزێت.
کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، دەڵێت: لە کۆبوونەوەی نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە ھەولێر باسی دۆخی ئێستەی کەرکووکمان کرد، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو.
کەمال کەرکووکی، گوتیشی: ھەموومان لە کۆبوونەوەکەدا ھاودەنگ بووین کە کەرکووک داگیرکراوە و لەبن دەستی پارێزگارێکی شۆڤێنی و بە زۆر سەپێنراوە، دەبێ خۆی و گەندەڵییەکانی بۆ کەرکووک و گشت کەرکووکیەکان ئاشکرا بکرێت و لەو پۆستە لابدرێت.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، دەشڵێ: ئێستە دۆخی کەرکووک خراپە و ھەموو پێکھاتە ڕەسەنەکانی شارەکە لەژێر ستەم دان، ھەموومان پێکەوە ھەوڵدەدەین دۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە، ئێمە بەسەر بەرزی دەگەڕێینەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە
کەمال کەرکووکی، ئاشکراشی کرد: پێویستە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە مۆراڵێکی بەرزەوە بەشداری بکەن و بزانن کێن ئەوانەی بەرگری لە مافی گەلی کوردستان دەکەن و دەنگ بەوان بدەن.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، جەختیکردەوە: کەرکووک شارێکی داگیرکراوە و ھۆیەکەشی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەرن، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ئامادەین لەگەڵ ھەر حیزب و لایەنێک بە یەک لیست بەشداربین جگە لە خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بۆ ئەوەی دووبارە خیانەتمان لێ نەکەنەوە، چونکە لەگەڵ خیانەتکاران بە یەک لیست بین وەک ئەوە وایە ژەھری مار بکەیتە ناو خواردنەکەت و بیخۆیت.
کەمال کەرکووکی، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لایەنانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوونە دڵسۆزانە جەختیان لەوەکردووەتەوە کە بە یەک لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن.
لەبارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارێزگاری کەرکووک مافی کوردێکی نیشتمانپەروەرە، کە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستنیشان بکرێت.