بەکر کەریم حەسەن*
ئەكتەری بەناوبانگی بەلجیكی (جان كلاود كول) دەڵێ “ئەگەر دەتەوێ بگەیتە لوتكە، دەبێ پشووت درێژ بێ؛ كۆڵ نەدەیت و، واز نەهێنی”.
وەرزی هاوین هەلێكی گونجاو و زێڕینە بەمەبەستی داڕشتنی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمە لە پێناو بەدەستهێنان و بەردەستكردنی توانا و وزەی پێویست بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و پسپۆڕی و بنیاتنانێكی گونجاو، بۆیە گرنگە دایك و باوكی منداڵ لە وەرزی هاویندا بەرنامە بۆ منداڵەكەیان دابنێن، لەم دوو مانگەدا كە سوودی ڕاستەوخۆ و ئەرێنیی هەبێت بۆ منداڵەكەیان كە هەم فێری زانیاری و شتی نوێ ببن، هەمیش بە ئاسوودەییەوە سوود لە پشوو و كاتەكانی وەربگرن و جەستە و بیروهزریان ئاسوودە بێ و بحەسێتەوە. ئەویش بە ڕەخساندنی كاتێكی باش و گونجاو بۆ جێبەجێكردنی ئارەزوو و خواستی منداڵ و هەمیش فێربوونی كۆمەڵێ كارامەیی و هونەر و زانستی نوێ؛ دەكرێ لەم وەرزەی هاوین بیر لەوە بكرێتەوە منداڵەكان لە قوتابخانە زیاتر جەخت لەسەر ئەو بابەتانە بكەنەوە كە وەكو پێویست نمرەیان تێدا بەرز نەبووە، یانیش ئاستیان لاواز بووە و لەو ماوەیەدا دەتوانن بە ئاسانی ئاستیان بەرز بكەنەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی نوێی خوێندن ساناتر زاڵ بن بە سەر ئاستەنگەكانی ئەو جۆرە بابەتانەدا. هەروەها دەكرێ لە ماوەیەكی دیاریكراو هەندێ بابەتی سەرەكی و بنەڕەتی وەكو بیركاری و زانستەكان بخوێنن تا ئاستیان زۆر باشتر بێت، بێگومان ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی تا ئارەزوو و خواستی فێربوونی زیاتر ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێ لە كاتی پێویست هەوڵ بدرێ گرنگی بە فێربوونی زمانەكانی تر بدرێ وەكو زمانی
ئینگلیزی و عەرەبی و هتد. لە بیرمان نەچێت لەگەڵ هەموو فێربوونێك و هەبوونی كات،
فێربوونی كارامەییەكانی ژیان و بەها پەروەردەییەكان بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لە ژیانی گشتی قوتابیدا كەوا دەكات هەردەم كەسێكی بەهێز و متمانەپێكراو و پڕ لە وزەی ئەرێنی بێتە بوون، كە ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەركەوتنە بەسەر كۆی بەربەستەكانی ژیاندا، جودا لەوانەش گرنگە چ لە ماڵەوە یان لە قوتابخانە منداڵ فێر و پەروەردە بكرێ و، ڕاهێنانی پێ بكرێ لەسەر هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، كە هاوین وەرزێكی لەبار و گونجاوە بۆ ڕاهێنانی منداڵ لەسەر پەسندكردن و وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی لە ژینگەی خێزان و كۆمەڵگە بە هەڵسانی هەر جۆرە كارێك كە لەگەڵ تەمەنی بگونجێ، بۆ نموونە فێركردنی منداڵ لەسەر كڕینی پیداویستی سادە و هەر جۆرە خواردەمەنییەك لە بازاڕ و ماركێت لە ژێر چاودێری خێزان و یان ئیش و كاری ماڵەوە چ لە باخچە و كارەكانی تری خاوێنكردنەوە و، پاكڕاگرتن و ڕێكخستن بە گشتی، هەروەها گرنگە منداڵ لەم هاوینە بتوانێ چێژ لە پشوو وەربگریت چ بە سەردانی كردن بۆ لای خزم و هاوڕێ و ئامادە بوون لە هەندێ دانیشتن و بۆنەكان لە ژێر چاودێری ماڵەوەدا. یانیش چێژبینین و خۆشیوەرگرتن لە ئاهەنگ و بۆنەكان و سەردانی پارك، هەروەها سەردانی پەرتووكخانە و چۆنیەتیی فێركردنیان بۆ خوێندنەوەی گۆڤار و پەرتووكی هەمەڕەنگ لە ژێر چاودێری كەسانی پەیوەندیدار بە
پەرتووك و خوێندنەوە. جودا لە هەموو فێربوونێك لە چوارچێوەی خێزان و كۆمەڵگە
كە پێویستە هەبێت، گرنگە لە وەرزی هاویندا گەر بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت لە قوتابخانە قوتابی فێری كارامەییەكانی فێربوونی ئەو بابەتانە بێت كە لە قوتابخانە بۆ فێربوونیان تووشی ئاستەنگ بووە. لە ئەنجامدا وا لە قوتابی دەكات ئاسانتر
لەو بابەتانە بڕوانی و بابەتەكانیش خۆشەویست تر دەبن لای قوتابی.