زیاتر لە دوو تۆن گۆشتی قوربانی لەلایەن کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانییەوە رەتکراوەتەوە

بەهۆی دەرنەچوونیان لە پشکنینەکان، کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە دوو تۆن گوشتی قوربانیی هاووڵاتییانی رەتکردووەتەوە. هاوکات زیاتر لە 98 تۆن گۆشتیش لە پشکنینەکان دەرچووە و بۆ هاووڵاتییانی گەڕاندووەتەوە.  

ئەمڕۆ شەممە 1ـی تەممووزی 2023، دکتۆر هێمن، کە پزیشکێکی ڤێرتەرنەرییە لە کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی راگەیاند، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا رێژەی کوشتار زۆر بووە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان ئاژەڵەکانیان بە مەبەستی قوربانیکردن بردوونەتە ئەو کوشتارگەیەکە. ئاماژە بەوەش دەدات، دوای ئەوەی پشکنین بۆ ئاژەڵەکان کراوە و دڵنیابوونەتەوە لەوەی گۆشتەکە سەلامەتە، ئینجا بە هاووڵاتییان دراوەتەوە. 

وەکو ئەوەی ئەو پزیشکە باسی دەکات، هەر ئاژەڵێک بۆ خواردن نەشیاو بووبێت و لە پشکنینەکان دەرنەچووبێت، رەتکراوەتەوە و بە شێوەیەکی زانستی لەنێو ئەو ساردەکەرەوانەدا “بەراد” دانراوە کە تایبەت کراون بە پاراستنی گۆشتی رەتکراوە.

هەر لەبارەی رەتکردنەوەی گۆشتی ژمارەیەک ئاژەڵ، دکتۆر هێمن روونیکردەوە، دوای ئەوەی پشکنین بۆ دڵ و ناوچەی ناوپەنچکی ئاژەڵەکان دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت ئایا کرم لەنێو گۆشتی ئاژەڵەکەدا هەیە یان نا. وەکو خۆی دەڵێت، هاووڵاتییان نازانن کاتێک ئاژەڵەکە زیندووە، کرم لەنێو گۆشتەکەیدا هەیە یان نا، بۆیە زۆر گرنگە پشکنینی بۆ بکرێت.

کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رۆژانە لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە تا 12:00ـی شەو پشکنین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەکات کە هاووڵاتییان بۆ قوربانیکردن یان مەرامی دیکە دەبەنە کوشتارگەکە. بەگوێرەی ئامارەکان لەماوەی سێ رۆژی رابردووی جەژندا و  دوای ئەنجامدانی پشکنین، 98 تۆن گوشتی تەندروست لەلایەن کوشتارگەکەوە بە هاووڵاتییان دراوەتەوە و دوو تۆن و 750 کیلۆ گوشت، ، کە شیاوی خواردن نەبوون، لەلایەن ستافی پزیشکییەوە رەتکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ 11 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون، کە پێنجیان گیانیان لەدەستداوە. هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە وەکو ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی پێ دەدات، لە رێگەی ئاژەڵ و گۆشتەکەیەوەیە.

ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، یەکەم کەس لە سۆران بوو، دووەم لە خەلیفان، سێیەم لە مێرگەسۆر، چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە کۆیە گیانی لەدەستدا، کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو