فەرمانگەی میدیا و زانیاری: بە سیستەمی پریپەید دابەشکردنی كارەبا دەبێتە 24 كاتژمێری

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بە پریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیر كراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی 50% کەمبووەتەوە و “کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە”.

‏‎ئەمە جگە لەوەی کە ئەم سیستەمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بەتەواوی چارەسەر بکات.

‏‎سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر كردووەتەوە، “لەو شوێنانەی سیستەمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون”.

‏‎ئەمەش لەکاتێکدایە ملیۆنێك و 300 هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەمەش 92%ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستەمی پریپەید.