کەمال کەرکووکی: لەگەڵ لایەنەکان باسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقمان کرد

ئەمڕۆ ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لە بارەگای مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی ئێستای کەرکووکیان کرد و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقیان کرد.

دوای کۆبوونەوەکە کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێخکستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانید رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئێستای کەرکووکیان کردووە و لەوبارەوە ئاڵۆگۆڕی بیروڕایان کردووە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بووە.

کەمال کەرکووکی، گوتی: “هەموومان لە کۆبوونەوەکەدا هاودەنگ بووین کە کەرکووک داگیرکراوە و لەبن دەستی پارێزگارێکی شۆڤێنی و بە زۆر سەپێنراوە، دەبێ خۆی و گەندەڵییەکانی بۆ کەرکووک و گشت کەرکووک ئاشکرا بکرێت و لەو پۆستە لابدرێت”.

گوتیشی: “پێویستە رۆڵەکانی گەلی کورد لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە مۆراڵێکی بەرزەوە بەشداری بکەن و بزانن کێن ئەوانەی بەرگری لە مافی گەلی کوردستان دەکەن و دەنگ بەوان بدەن”.

کەمال کەرکووکی، راشیگەیاند: “دۆخی کەرکووک خراپە و هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە لەژێر ستەم دان، هەموومان پێکەوە هەوڵدەدەین دۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە، ئێمە بەسەر بەرزی دەگەڕێینەوە و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە”.

جەختیکردەوە: “کەرکووک شارێکی داگیرکراوە و هۆکارەکەشی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەرن، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەر حزب و لایەنێک بە یەک لیست بەشداربین جگە لە خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر”.

کەمال کەرکووکی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لایەنانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوونە دڵسۆزانە جەختیان لەوەکردووەتەوە کە بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن.