بەپێی نوێترین کۆپی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا بڵاوکرایەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 23 هەزار و 790 کەسی کەمترە، لە کۆپی ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق پەسەندیکردووە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێ بەهۆی ئەوەیە “مووچەی ئەو پێشمەرگانە دەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق”.
بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە دوێنێ (دووشەممە، 26-6-2023) لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە، لە خشتەی هێزی کار و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا ژمارەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ 658 هەزار و 189 کەس کەمکراوەتەوە. لەکاتێکدا لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـدا کە پەرلەمانی عێراق پەسەندیکرد، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 681 هەزار و 979 کەس بوون، واتە 23 هەزار و 790 کەس کەمکراونەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری ئەو جیاوازییە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرچاوەیەکی راگەیاند “هۆکاری ئەو کەمکردنەوەیە ئەوەیە؛ مووچەی ئەو ژمارەیە واتە 23 هەزار و 790 کەسە دەخرێنە سەر وەزارەتی دارایی عێراق، واتە 20 هەزار کەسیان پێشمەرگەن و بە پشتبەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان کە 12.67٪ـە، ئەو رێژەیە لە هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێتە سەر فەرماندەیی هێزەکانی زەوینی عێراق، ئەو ژمارەیەی دیکەش کە دەمێنێتەوە، واتە 3 هەزار و 790 کەسەکە ئەوان لە لیوا هاوبەشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانن و مووچەیان دەچێتە سەر بەغدا”.
هەرچەند ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا بۆ ساڵی 2023 بریتی بوو لە 681 هەزار و 979 کەس، بەڵام ژمارەکە لە ساڵی 2023 بۆ 42 فەرمانبەر بەراورد بە 2021 کەمیکردووە، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوو تریلیۆن و 938 ملیار و 528 ملیۆن و 584 هەزار دینار زیادی کردووە، واتە بە رێژی 31.6٪.
لە هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن، کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ـن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
رۆژی دووشەممە 26-6-2023، ژمارەی 4726ـی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە کە یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی تێدا بوو.
بەرەبەیانى رۆژی 12ـی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد، کە قەبارەکەی بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار دینارە. ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانکراوە 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینارە. بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر مانگەکانی ساڵدا دەردەکەوێت هەموو مانگێک ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت 774 ملیار و 959 ملیۆن دینار دەبێت.
مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی رەشنووسی بودجە بەمشێوەیەیە:
– مووچەی فەرمانبەران؛ 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینار
– چاودێریی کۆمەڵایەتی؛ 1 تریلیۆن و 346 ملیار دینار
– مووچەی پێشمەرگە؛ 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار
ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان دەکرێت، دەگاتە 10 تریلیۆن و 873 ملیار و 817 ملیۆن دینار، بەو پێیە ئەگەر دابەشی مانگەکانی بکەین، مانگانە دەکاتە 906 ملیار دینار.
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەگاتە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار، بەمشێوەیە دابەشبووە:
– خەرجی بەکاربردن؛ 13 تریلیۆن و 428 ملیار و 663 ملیۆن دینار
– خەرجی وەبەرهێنان؛ 2 تریلیۆن و 780 ملیار و 976 ملیۆن دینار