وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو، حەوت ملیار دۆلاری تێپەراند.
ئەمڕۆ دووشەممە (26ـی حوزەیرانی 2023) وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە کۆتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، مانگی ئایاری ئەمساڵ بڕی 102 ملیۆن و 463 هەزار و 387 بەرمیل نەوت هەرناردەکراوە کە داهاتەکەی گەیشتووەتە 7 ملیار و 324 ملیۆن و 641 هەزار دۆلار.
هاوکات بەگوێرەی رگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، نرخی هەر بەرمیلێک بە 71.485 دۆلار فرۆشراوە و لەلایەن 39 کۆمپانیای جیهانییەوە لە بەندەرەکانی باشووری عێراق و جەیهانی تورکییەوە گواستراوەتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
هەروەها رۆژی سێشەممە (30ی ئایاری 2023)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، کۆی هەناردەکردنی نەوت بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی 2023، گەیشتە 393 ملیۆن و 48 هەزار و 679 بەرمیل نەوت و رێژەی هەناردەکردنی مانگانە گەیشتووەتە 98 ملیۆن و 262 هەزار بەرمیل، بە رێژەی 3 ملیۆن و 275 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو گەیشتە 29 ملیار و 932 ملیۆن و 167 هەزار دۆلار، بە رێژەی 7 ملیار و 483 ملیۆن و 41 هەزار دۆلار لە مانگێکدا.
عێراق مانگانە پێویستی زیاتر بە 6 ملیار دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کارکردن، کە مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سوپا و دەزگا ئەمنییەکان و هەروەها تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینان دەگرێتەوە.
هەفتەی رابردووش، وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکرد، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نەوت بەشێکی زۆری لە داهاتی بودجەی پێکهێناوە، بە جۆرێک زیاتر لە 95.5%ـی کۆی داهات بووە، هەروەها کۆی داهاتی کۆکراوە لەو ماوەیەدا زیاتر 36 ترلیۆن و 153 ملیار و 969 ملیۆن دۆلار دینار بووە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) کە لە (12ـی حوزەیرانی 2023) لە پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسندکرا و 21ـی هەمان مانگیش سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر کرد و رۆژی (26ـی حوزەیرانی 2023)ـش لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمی بڵاوکرایەوە، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی هەناردەکردنی نەوتی مانگانەش بە سێ ملیۆن بەرمیل رۆژانە دانراوە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.