لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان کۆبوونەوەیەکی باشە.
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی مام جەلال، ڕایگەیاند : کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ پارتی کۆبوونەوەیەکی باشە و باشتریش دەبێت.
راشیگەیاند، تائێستا کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بەردەوامە.
پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر دەستیپێکرد و تائێستا بەردەوامە.
لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە لە 18/11/2023 بەڕێوەبچێت.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوون لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هوشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح، هەروەها شاندی یەکێتی پێکهاتووە لە بافڵ تاڵەبانی، جەعفەر شێخ مستەفا، قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و شاڵاو عەلی عەسکەری.