پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆبووەوە

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماده‌ییی ئه‌ڵمانیای دووپات کرده‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدان و پشتگیریی عێراق و هه‌رێمی کوردستان لە هه‌ر کاتێک و بوارێکدا پێویست بێت.

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ـی 06ـی 2023 هەر لە بەرلین نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز تۆبياس ليندنه‌ر وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانيا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه‌ كۆبووه‌وه‌،  سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستووەتەڕوو.  

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و باسى له‌ ئه‌نجامه‌ ئه‌رێنييه‌كانى سه‌ردانى سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراق بۆ به‌رلين كرد، هه‌روه‌ها داواى كرد ئه‌ڵمانيا له‌ پشتگيریی عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش به‌رده‌وام بێت.

ڕاشیگەیاند: لاى خۆيه‌وه‌ ليندنه‌ر ئاماده‌ییی ئه‌ڵمانیای دووپات کرده‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدان و پشتگیریی عێراق و هه‌رێمی کوردستان لە هه‌ر کاتێک و بوارێکدا پێویست بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ به‌ر‌ده‌وامیی ئه‌رکی هێزه‌ ئه‌ڵمانییه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا کرده‌وه‌.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ڵبژاردن و دوایین پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ به‌گشتی، لایه‌نێکی دیکه‌ی کۆیوونه‌وه‌که‌ بوو که‌ به‌ڕێز باڵیۆزی عێراق له‌ به‌رلین ئاماده‌ی بوو.