لە جەژن و بۆنەکاندا گەشتیارێکی زۆر دێنە ھەرێمی کوردستان، لە بازگەکانەوە دوای ڕێککارە ئەمنییەکان، پێشوازیان لێ دەکرێت. لە لایەن گەشتوگوزاری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاران دابین بکرێت و وەک ساڵانی پێشتر گرفتی مانەوەیان بۆ دروست نەبێت. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لیجنە پێکھێنراون، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازیی لە گەشتیاران بکرێت کە پێشبینی ھاتنی سێ سەد ھەزار گەشتیار دەکەین.
نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار ئەوە دەخاتە ڕوو، لە ھەرێمی کوردستان سێ ھەزار و سەد شوێن ھەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، کافەتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، ھەزار و حەفتا و پێنج شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە شەش سەد و بیست و پێنج ھۆتێل، سێ سەد و حەفتا مۆتێل، ھەشتا گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی ھەشت سەد ڕێستۆرانت و کافەتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاریی لە ناوچە گەشتیارییەکان.
بەگوێرەی داتای دەستەی گەشتوگوزار، سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە. ھەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی عێراقەوە ھاتبوون.
لە ھەموو شوێنە گەشتیارییەکان پلانێکی توکمە دانراوە بۆ ئەوەی ڕێژەی گەشتیاران بەرز بکرێتەوە، ھەموو ئاسانکاریەکیش بۆ گەشتیاران کراوە، تاکو کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.
ساڵانە ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە، بۆ جەژنی قوربان لە ھەرێمی کوردستان پلانێکی توکمە بۆ پێشوازیی گەشتیاران دانراوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە گەشتیاران بکەن.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو، چاوەڕێی ھاتنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری گەشتیار دەکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان، شوێنی بەتاڵ لە ھۆتێل و مۆتێلەکان زۆر بە کەمی ماوە، ترسی ئەوە ھەیە نرخەکان بەرزبکرێنەوە و گەشتیاران ناچار بکرێن ئەو نرخە بەرزانە قبوڵ بکەن، بەڵام دەستەی گەشتوگوزار دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ڕێگە نادەن نرخەکان بەرزبکرێنەوە.
پێشبینی دەکرێت ھاتنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاتربێت کە لەلایەن دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمەوە چاوەڕێ دەکرێت، چونکە کۆمپانیا گەشتیارییە عێراقیەکان لەگەڵ بەشێکی زۆر لە ھۆتێلەکانی ھەرێمی کوردستان گرێبەستیان ئیمزا کردووە. بەو ھۆیەشەوە ڕەنگە کەمێک ئەستەم بێت بۆ گەشتیاران کە بتوانن شوێنی حەوانەوایان دەست بکەوێت.
گەشتیارانی خواروو و ناوڕاستی عێراق لە پلەی یەکەمی ئەو گەشتیارانەن کە دێنە ھەرێمی کوردستان، بەگوێرەی باردۆخی ھوتێلەکان بێت، ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان، ژمارەی پێوانەی تۆمار دەکات، جەژنێکی گەورەش بۆ بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان دێنێتە کایەوە. ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی قوربان و بەشداریکردن لە ئاھەنگەکان ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لەلایەن تیمەکانی نشینگە و ئاسایشەوە پێشوازییان لێ دەکرێت و بەرپرسانی گەشتوگوزارییش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ھەوڵی تەواو دەدەن لە میانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران، یادگارییەکی خۆش تۆماربکەن و ڕووبەڕووی ھیچ گرفتێک نەبنەوە.
زیاد مەنسوور، لەگەڵ ھاوڕێکانی لە بەسراوە ھاتووە بۆ ھەرێمی کوردستان، تاکو شوێنە گەشتیارییەکان ببینێت، کە پێشتر تەنھا لە وێنەکاندا دیتونی، بەڵام پاش ئەوەی ھاتۆتە کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکانی بینیوە، بەڵێنی داوە جارێکی دیکە ھاوڕێکانی خۆشی لەگەڵ خۆ بێنێت، خۆشحاڵیشە بە دیتنی دیمەکان. دەشڵێ: کوردستان زۆر خۆشە، شوێنە گەشتیارییەکانیش جوانن، کاتێکی خۆش لە کوردستان بەسەر دەبەین و بڕیارم داوە لێرە بەدواوە ھەموو ساڵێک بێمە هەرێمی کوردستان.
سالار موسا، خاوەنی یەکێک لە پڕۆژەگەشتیارییەکانە لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەوە چەندین ڕۆژە کار دەکەین بۆ ئەوەی شوێنە گەشتیارییەکان بە باشترین شێوە بخەمڵێنین و بە گەرمی پێشوازی لە گەشتیاران بکەین.
لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پرۆسەی خۆپارێزی لەم پەتایە، ڕەوتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردبوو، دوای ھەڵگرتنی ڕێکارەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەم پەتایە، خەریکە کەرتی گەشتیاری دەبووژێتەوە و گەشتیاران بە چڕی دێنە شارەکانی ھەرێمی کوردستان.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ وەرزی ھاوین، لە ئاستێکی یەکجار باشدایە، ساڵانە ڕێژەی گەشتیاران لە ئیدارەی سۆران لە ھەڵکشانە و لە وەرزی بەھار نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار لە دەڤەرەکە ماونەتەوە.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتی: ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە، بۆ ئەوەی پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار بکەین لە وەرزی ھاویندا، زۆرترین گەشتیار کە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پارێزگای ھەولێر دێن، دواتریش سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە، بەڵام ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆر سەردانی سۆران و زاخۆشیان کردووە، دەمانەوێت گەشتیارمان لە ھەموو ناوچەکان ھەبێت و دەرفەتی کار لە ھەموو شوێنەکان بڕەخسێنین.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتیشی: سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ ھاتنی گەشتیاران لە جەژنی قورباندا بۆ کوردستان کراون، ئەم جەژنە چاوەڕێی ھاتنی گەشتیاری زۆر دەکەین بەو ھۆیەی قوتابخانە نییە و لە عێراقیش پلەی گەرما بەرزە، بۆیە بە مەزەندەیی بۆ سێ سەد ھەزار گەشتیار ئامادەکاری کراوە.
عەبدولمەجید، ڕوونیشی کردەوە: کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمپانیا و بنکە گەشتیارییەکان و ڕێستورانتەکان کردووە ئاگاداربن لە ڕۆژانی پشوودا کراوە بن و سوود و دەستکەوتی دارایی وەدەست بێنن، چەندین لیجنەش پێکھێندراون، یەکێک لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکات تا دیمەنێکی جوانی میوان دۆستی و شارستانی نیشانی گەشتیارەکان بدەین، لیژنەی دیکە لە سەنتەری شار دەبن بۆ چاودێریکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھاوکات ژمارەی تەلەفونی تایبەت بۆ گەشتیاران لە ھەر بەڕێوەبەرایەتییەک ئامادەکراوە، تا ھەر گرفتێکیان ھەبێت پەیوەندی بکەن و بۆیان چارە بکرێت، جگە لەوەش ھەوڵ دەدەین پاکێجی گەشتیاریی ئامادە بکەین بۆ ئەوەی گەشتیار تەنیا بۆ ناو سروشت نەیەن بەڵکو بێنە شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان وەکو شوێنی شوێنەواری و مێژوویی و گوزاری ئایینی کە ھەرێم پێی دەوڵەمەندە، بۆ ئەوەی ھەرێمەکەمان چوار وەرز گەشتیاری ھەبێت.