سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی دامەرزاندنی هەردوو زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرـخخمیانی کرد.
بە فەرمانی ژمارە (2546) لە (19ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەرکردووە بۆ دامەزراندنی دوو زانکۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان و لکاندنیان بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی دەزگاکانی دیکەی خوێندن.
ئەو دوو زانکۆیە بریتین لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و لە فەرمانەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپاردووە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی هەریەک لەو زانکۆیانە و دابینکردنی گشت پێداویستییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ پەیوەندیدارەکان بە رەچاوکردنی سەرجەم مەرجە زانستی و یاساییەکان کە لە یاسا و رێنماییەکاندا هاتووە.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستانییەوە لە رێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (22ـی ئایاری 2023) لە میانی سەردانیکردنی بۆ دەڤەری ئاکرێ، دامەزراندنی ئەو دوو زانکۆیەی راگەیاند و لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ” لێرەوە دەمەوێ موژدەیەكی دیكەش بە ئێوە بدەم كە زانكۆی ئاكرێ (زانکۆی زانستە کردارییەکانی ئاکرێ) دادەمەزرێنین، هیوادارم ئەم زانكۆیەش خزمەتێكی زیاتری ئەو دەڤەرە بكات، لە هەمان كاتدا لێرەدا دەمەوێ ئەوەش رابگەیەنم كە زانكۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانیش ئینشەڵڵا دادەمەزرێنین و ئەو زانكۆیەش لە خزمەت خەڵكی ئێمە لە دەڤەری گەرمیان دەبێت”.
پێشتریش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، کردنەوەى ئەو دوو زانکۆ حکومییە لە چوارچێوەى ستراتیژى كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی کوردستانە، بەمەبەستى فراوانکردنى دەرفەتى خوێندنى تەکنیکى و بوارى زانستە کردارییەکان لە هەرێمى کوردستان.