چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

بەگوێرەی زانیارییەکان , وابڕیارە سبەی دووشەممە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر کۆببنەوە.

سبەی دووشەممە (26ـی حوزەیرانی 2023)، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی هەردوولا و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا.

دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە رۆژی یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023)، لە پیرمام بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان ئەنجامدرا.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە (18ـی کانوونی دووەمی 2023) و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، “خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد”.