سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سۆران.. دوو كەس بە هەزاران دۆلاری ساختەوە دەستگیر كران

لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆرانەوە دوو كەس دەستگیر كران، هەروەها دەست گیرا بەسەر بڕی 10 هەزار و 350 دۆلاری ئەمریكیی ساختەدا و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

 مقەدەم شەماڵ دێواری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران ئاگادار كرانەوە، كەوا دوو كەس پارە و دۆلاری ساختە ساغ دەكەنەوە لەناو بازاڕی سۆران، دەستبەجێ مەفرەزەكانیان گەیشتنە شوێنەكە و توانییان هەردوو كەسەكە دانیشتووی وڵاتی توركیان دەستگیر بكەن، هەروەها دەست گیرا بەسەر بڕی 10 هەزار و 350 دۆلاری ئەمریكیی ساختە لە جۆری پەنجا دۆلاری”.

گوتیشی: لەسەر بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی سۆران، هەردوو تۆمەتبار ڕاگیران بەپێی ماددەی (٢٨١)ی یاسای سزادان لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.”