پەیامنێری هەولێر
لە دوای دەستبەکاربوونی محەمەد شیاع سوودانی، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، هەوڵەکان گەیشتنە ئاستێکی بەرزتر بۆ نەهێشتنی قەیرانە سیاسی و داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەردانی بەغدای کرد و ژمارەیەک ڕێککەوتنی مێژوویی لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرا.
دیارترین ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی نەوت بوو. ئەگەر تا ساتی ڕێککەوتنەکە و چوونە ژێر باری هەرێم بە ڕادەستکردنی نەوت، ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لۆمەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردبێت، چیتر تۆپەکە لە مەیدانی حکوومەتی عێراقە و هەرێم بەو ڕێککەوتنە پابەندی خۆی بە جێبەجێ کردنی ئەرکەکان سەلماند.
ئێستە کە پرۆژە یاسای بودجە فلتەری پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماری تێپەڕاندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕیی هەنگاوی داهاتووە کە بەرپرسیارییەتێکە کەوتووەتە سەرشانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێڕاق لە جێبەجێ کردنی پرۆژە یاساکە و پێداچوونەوە بەو خاڵانەی لە پرۆژەکەدا هەیە و دژە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنانەی حکوومەتەی محەمەد شیاع سودانی لەسەری دامەزراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی پێشوەختەی خۆی ڕاگەیاندووە بەوەی هەر ڕێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردووەتەوە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو ڕێککەوتنانەی واژۆ کراون جێبەجێ کردووە. بەڵام لە دەرەوەی دەستوور و ڕێککەوتننەکان، دەستکاری بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لە ڕووی دەستووریەوە، گۆڕانکاریی لە ڕێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم ڕێگاپێدراو نییە.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، هەروەک سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڵێنیداوە، پێداچوونەوە بکات بە بڕگە و ماددە هەموار کراوەکان کە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی فیدرال دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن وپێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر ڕێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە هەرێم پابەندییە دەستوریەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و هیچ بیانوو و پاساوێکیش بۆ هەر ڕێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانوو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وبێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێڕاق، لە هەنگاوی داهاتوودا ڕەچاوی ڕێککەوتنەکان نەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پێدەچێت ئاستەنگەکانی پرۆسەی سیاسی عێڕاق قووڵ ببێتەوە و ئەو کەشە ئیجابیەی لە ماوەکانی ڕابردوودا هەستی پێدەکرا بە تەواوی پێچەوانە ببێتەوە.