سلێمان تاشان – ههولێر
ماوەیەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر سێکتەرەکانی گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، پیشەسازی و سامانی ئاو و ئاژەڵداری و چەند سێکتەرێکی تر و ئەگەر لە سەرەتاوە بەو شێوەیە کاری کردبا، ڕێگەی گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابووری زۆر کورتتر دەبوو بەڵام دیسان درەنگ نییە و دەکرێ تەنگژەکان بۆ دەرفەت بگۆڕدرێن.
کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ قەیرانی دارایی و پاشان داعش و تەنگژەکانی تر لە کوردستان هاتنە کایەوە سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕی، بەڵام کۆمەڵێک ئەزموونی گەورەی وەرگرت و لە هەندێک هەڵە و کەمتەرخەمی بە ئاگای هێنایەوە.
ئەگەر وەبەرهێنانی دەیان ملیار دۆلاری حەوت ساڵی بەر لە تەنگژەی دارایی، زیاتر بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و سامانی ئاو و گەشتوگوزار و پیشەسازی و کەرتە بەرهەمهێنەرەکان بوایە و دەستی بەو داهاتە گرتبا کە دەستی دەکەوت، تەنگژە و قەیرانی دارایی لەسەر شانی زۆر سووکتر دەبوو.
قۆناغی دوای دەرچوونی دادگەی ناوبژیوانیی پاریس ئەگەر لە لایەک زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندبێت ئەوا لە لایەکی تر دەکرێ ببێتە دەرفەتێک بۆ دووبارە بەخۆداچوونەوە و بایەخدان بەو کەرتانەی داهاتوویەکی مسۆگەرتریان بۆ دابینکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان هەیە.
وەک ئاشکرایە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٦ەوە کە لە هەرێمی کوردستان یاسای وەبەرهێنان پەسند کرا، دەرگا بەڕووی کۆمپانیاکانی جیهاندا کرایەوە بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، وەبەرهێنانەکە بە تایبەتی تا ساڵی ٢٠١٣ زیاتر لە کەرتی نیشتەجێبوون ئەنجام درا.
لە دوای نیشتەجێکردن، یەکێک لەو سێکتەرانەی لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری پێ دراوە بریتی بووە لە سێکتەری نەوت و گاز و هەر چەندە لە کەرتی ئابووریدا بە سێکتەرێکی زۆر گرنگ هەژمار دەکرێن بە ئامانجی دەستخستنی پارە و داهات بەڵام بە هەمان خێرایی لەبەردەم مەترسیدان، بۆ نموونە سەردەمی کۆرۆنا هەرێمی کوردستان نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی دەفرۆشت بەڵام هەندێک مانگ هەبووە یەک دۆلاریشی دەست نەکەوتووە و خەرجییەکانی دەرهێنان وگواستنەوە و بەبازاڕکردن زۆر لە داهاتە زیاتر بووە کە دستەبەر کراوە.
وەک ئاشکرایە بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق لە ماوەی ڕابردوو پەسند کرا، هەرێمی کوردستان دەبێ ڕۆژانە چوارسەد هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات هەر چەندە لە ٢٥ی ئادارەوە هەناردەکردنی نەوت وەستاوە.
دوای ئەو ئەزموونە درێژخایەن و پڕ هەوراز و نشێوە، گرنگ ئەوەیە حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی بە پراکتیکی بەرەو گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، سامانی ئاو، پەروەردە و کەرتەکانی تر هەنگاو بنێت.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی گەشتوگوزارەوە بە خۆشترین و ئاوەدانترین شوێنی عێراق هەژمار دەکرێ و ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار ڕووی تێ دەکەن و دەکرێ ئەمە پەرەی پێ بدرێ و لە وڵاتانی کەنداوەوە خەڵک ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن. هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستەی گەشتوگوزار بڵاوی کردەوە ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە کوردستان و چاوەڕوانن تەنیا لە جەژنی قوربانی ئەمساڵدا سێسەد هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە لایەکی ترەوە هەرێمی کوردستان لەڕووی پیشەسازی هەنگاوی جیددی ناوە و دەکرێ ئەم هەنگاوانە زۆر گەورەتر بکرێن. بە پێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە ٢٠٠٦ەوە سەرووی شەست و حەوت ملیار دۆلار لە کوردستان وەبەرهێنان کراوە کە سەرووی بیست و سێ ملیار دۆلاری تەنیا بۆ کەرتی پیشەسازی بووە. لەو هەزار و سەد و بیست و سێ پڕۆژەیەی مۆڵەتیان پێ دراوە دوو سەد و نەوەدیان تایبەتن بە پیشەسازی و لە چوار ساڵی ڕابردوودا هەفتا و نۆی تریان پێ زیاد بووە.
لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا هەنگاوی باش هەڵهێنراوە بەڵام لە ئاستی داخوازییەکاندا نەبوون و هێشتا بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە گۆشت و خۆراک، لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.
لە سامانی ئاودا بە وەبەرهێنان لەو کەرتە و بنیاتنانی بەنداو دەتوانێت بە تیرێک لە کۆمەڵێک نیشانەی وەک، دەستخستنی سامانی ئاژەڵ، پەرەپێدانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و ڕەخساندنی هەزاران دەرفەتی کار بدات. دانانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆرە کە دوێنێ لە لایەن سەرۆکی حکوومەت دانرا نموونەیەکی ئەو هەنگاوانەیە کە بە پڕبایەخ هەژمار دەکرێن.
هەرێمی کوردستان بەو سامانەی لە سەر زەوی و لە ژێر زەوی هەیەتی دەتوانێت لە سەرجەم کەرتەکاندا پەرە بەخۆی بدات و دوای ئەو سیاسەتانەی لە دژی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گیرانە بەر، دەکرێ بە عێراقییەکان و سەرجەم وڵاتانی جیهانی بسەلمێنێت هەنگاوەکانی سەربەخۆیی ئابووری تەنیا نەوت نین بەڵکوو هەرێمی کوردستان خاوەنی زۆر شتی ترە کە دەتوانێت بیانکاتە جێگرەوەی بەهێز و بە ڕێکاری فرە سەرچاوەیی کردنی داهات، بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو بنێت.