سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە هاویناندا چۆن خۆمان بپارێزین؟

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، پزیشكان ڕێنماییمان دەكەن كە لە كاتی گەرمادا پێویستە بایەخ بە چەندین جۆر خۆراك بدەین كە جەستەمان دەپارێزێت.

د. کامه‌ران رسوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراک بە پێویستی دەزانێت كە بۆ بەرنگاربوونەوەی بەرزی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی کاریگەری لەسەر پێست و جەستە و پاراستنی لە وشکبوونەوە و ڕێگەگرتن له زۆربوونی کێش و قەڵەوی بێجگە لە خواردنەوەی بڕی گونجاو لە ئاو، پێویستە گرنگیەکی زیاتر بدرێت بە خۆراک لە وەرزی هاویندا؛ شووتی و کاڵەک، زەڵاتەی وەرز، رەشەگویژ (بلۆبێری)، شلیک، توو، شاتوو، ماسی سەلموون، گێلاس، ماست و چەندین جۆری خۆراكی تر.
هاوكات پزیشكان ئامۆژگاری خەڵك دەكەن كە لە وەرزی هاوین خۆیان بپارێزن لەو كێشە و گرفتانەی كە لەم وەرزەدا تووشی دەبن بە تایبەت سکچوون، ژەهراویبون بەهۆی خۆراکەوە، سووتانەوەی پێست، لیر لەسەر پێست.
سكچوون كە یەكێكە لە دیارترین نەخۆشییەكانی هاوین گەورە و بچووك تووشی دەبن، ئەمەش بەهۆی گەرمای زۆرەوەیە، بەشێكی زۆری ئەم نەخۆشییەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆراک، هەر بۆیە باشترە ئاو بە بەباشی بکوڵێندرێت پاشان بخورێتەوە و خواردنی بێوەی (تەندروست) بخورێت، خۆراکەکان زوتر خراپ دەبن ئەمەش کێشە لە کرداری هەرس دروستدەکەن. هۆكاری سەرەكی بۆ زوو تێكچوون و خراپبوونی خواردن و خواردنەوەكان تیشكی خۆرە، بەتایبەتی ئەو خۆراكانەی لەناو دەفری شووشە یان پلاستیكەكاندان و راستەوخۆ تیشكی خۆریان بەردەكەوێت، بۆیە پێویستە، نەهێڵدرێت تیشكی خۆر بەر ئەو خواردن و خواردنەوانە بكەوێت.