سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون جەخت دەكاتەوە كە سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و پێویستە ئاژەڵەكان ببردرێتە سەربڕخانە فەرمییەكان.

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، ڕوونی كردەوە كە سەرجەم بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستییان ئاگادار كردووەتەوە كە پێویستە لە ڕێگەی تیمەكانیانەوە كار بكەن بۆ هۆشیار كردنەوە هاووڵاتیان بە تایبەت لەم كاتەدا كە قوربانیكردن و سەربڕین زۆردەبێت و هەروەها مەترسیی بڵاو بوونەوەی تای خوێنەچۆڕە لە ئارادایە.
د. ئاسۆ حەوێژی ئاماژەی بەوە دا كە بە گوێرەی ڕێنماییەكانیان كار دەكەن بۆ پابەندکردنی قەسابەکان بە لەبەرکردنی کەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەدەستکردنی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵدا.
هاوكات وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بۆ رێگری لە بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە، سەربڕینی ئاژەڵی لەسەر رێگاكان و لاكۆڵانەكان قەدەغە كردووە، بە پێويستيشی دەزانێت كە پشكنین بۆ ئاژەڵەكان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بكرێت بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەكە.
وەزارەتی كشتوكاڵ راشیگەیاندوە كە رێكاری پێویست دەگرێتە بەر بەمەبەستی دابینكردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەكی كە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنەچۆڕەیە لەنێوان ئاژەڵەكاندا و ئەم هەڵمەتەش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەبێت.