هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وه‌زاره‌تی دارایی: رۆژی یه‌كشه‌م 400 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌گات و پێش جه‌ژن هه‌موو فه‌رمانبه‌ران مووچه‌ وه‌رده‌گرن

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد رۆژی یه‌كشه‌می داهاتوو 400 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌گات، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌درێت پێش جه‌ژن مووچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكرێت.

ئه‌مشه‌و پێنجشه‌م وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: رۆژی یەکشەم 400 ملیار دیناری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ هونه‌ر جه‌مال گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ڕایگه‌یاند: به‌ گه‌یشتنی ئه‌و 400 ملیار دیناره‌، پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی پێنجی فه‌رمانبه‌ران خێراتر ده‌كرێت و هه‌وڵ ده‌درێت‌ پێش جه‌ژن ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران مووچه‌ وه‌ربگرن.

هونه‌ر جه‌مال ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ تا رۆژی شه‌ممه‌ لیستێكی تری دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌ش بكرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م فه‌رمانبه‌رانی چوار وه‌زاره‌ت و چه‌ند داموده‌زگایه‌ك مووچه‌ی مانگی پێنجیان وه‌رگرتووه‌.

فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه‌ تا ئێستا مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌ بریتین له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و یه‌كه‌كانی 70 و 80ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌میش مووچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی داموده‌زگا نه‌وتییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕه‌گه‌زنامه‌ دابه‌شكرا