لە هەولێــــــــــرى پایتەخت یـــادى شـــاعیرى نیشتمان و ئـــــــــــازادى و ستەملێکراوان دەکرێتەوە

یادکردنەوەی جەلالی مەلەکشا، ڕێزلێنانە لە شیعری شۆڕشگێری و نوێبوونەوە. ڕێزلێنانە لە بەخشش و ئەفراندن و بەردەوام بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، کات سێ و نیو، به‌ چاودێریى مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و به‌ به‌شداری ده‌یان ئه‌دیب و نووسه‌ر و شاعیر و هونەرمەند، یه‌كێتیى نووسه‌رانی كورد، لقی هه‌ولێر، یادی نووسه‌ر و شاعیری ناودار “جه‌لال مه‌لكشا” له‌ لە هۆڵی پێشەوا، لەناو باڵەخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان به‌رز ڕاده‌گیرێت.

لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، جەلال مەلەکشا بە خۆى و پرێسکەیەک شیعرەوە لەگەڵ عاشقانى شیعر و ئەدەبیات کۆ دەبێتەوە. هەرچەندە ئەم شاعیرە کوردستانییە بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتییە بە جەستە لەگەڵمان نییە، بەڵام ڕۆحى بەرزەفڕ و نیشتمانپەروەرانەى لە چڵەپۆپەى دارەپیرەوە لێمان دەڕوانێت و دەزانێت کە نە لەبیرى دەکەین و نە دەشتوانین لەبیرى بکەین، بۆیە ئێستا هاوخوێن و هاونیشتمانییەکانى مەراسیمیکێک بەڕێوە دەبەن تا سێ کتێبی چاپکراوى ئەو مامۆستایە بڵاو بکەنەوە کە یەکێکیان دیوانى شیعرەکانیەتى.
یادکردنەوەی جەلالی مەلەکشا، ڕێزلێنانە لە شیعری شۆڕشگێری و نوێبوونەوە. ڕێزلێنانە لە بەخشش و ئەفراندن و بەردەوام بوون، یادکردنەوەی شاعیرێکی تووڕە و یاخییە. لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرباری چەند کورتە وتارێک لە نێوانیاندا وتاری بنەماڵەی مەلەکشا، فلیمێکی دیکۆمێنتاری کورت لە بارەی ژیان و بەرهەمی مەلەکشا، دوو کورتە لێکۆڵینەوە لە شیعرەکانی مەلەکشا، سێ کتێبی تازەى بڵاو دەکرێنەوە کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: زڕەی زنجیری وشە دیلەکان ـ کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی جەلالی مەلەکشا
دووەم: گوێژەڵ ـ چیرۆک، نووسینی مەحموود دەوڵەت ئابادی و وەرگێرانی جەلالی مەلەکشا
سێیەم: جەلالی مەلەکشا لە ئەدەبی کوردیدا ـ لێکۆڵینەوە بە پێنووسی کۆمەڵە نووسەرێک

ژیننامەی مەلەکشا:
ـ جەلال مەلەکشا لە ڕێکەوتى ١٩/٣/١٩٥١ زایینی لە گوندی مەلەکشای شاری سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان هاتوەتە دونیاوە. هەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.
جەلال وەک مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە هەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە. لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر هێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، لە ساڵى ١٩٧٨ى زایینى دەبێتە ئەندامی ناوەندى نووسەرانی ئێران. پاشان لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەک نووسەر و رۆژنامەنووس دەبێتە ئەندامی گۆڤاری “سروە” و بە ڕاستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات. ماوەی چەند ساڵێکیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان دەبێ و دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری ”پڕشنگ” کە پێنج ژمارەی لێ بڵاو دەبێتەوە.
شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و… وەرگێڕدراون و ئەم شاعیرە گەورەیە هەرگیز قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات. دوو شیعری (هەتا لووتکە چەندی ماوە؟) (داستانی دارە پیرە) لە شیعرە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە کتێبی “زڕەی زنجیری وشە دیلەکان”ـدا چاپ کراون.

مەلەکشا و نیشتمان و هەڵوێست:
مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعێرێکی نەتەوەیی و قەڵەمێکە لە ڕەگەزی هەڵوێست؛ ناوەرۆکی شیعر و چیرۆکەکانی لێوانلێون لە خەون و ئاواتە بەدینەهاتووەکانی نەتەوەی کورد. جەلال مەلەکشا یەکێکە لە شاعیرانی نەوەی دووەمی شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شانبەشانی نەوەی یەکەم لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا ڕۆڵی کاریگەری گێڕاوە. ئەم قەڵەمە بوێرە، چیرۆکی نەتەوەیەکی لە هەگبەیدا هەڵگرتووە و، بەرهەمەکانی لە “زڕەی زنجیری وشە دیلەکان”ـەوە تا “کارەسات” و…هتد، ئاوێنەی سیمای ڕاستەقینەی ژیان و دۆخی زەین و زمانی نەتەوەی کوردن.
جەلال مەلەکشا، لە شيعرە “تاوان”، دەڵێت:
چونکە ئەموت
مرۆڤ دەبێ،
ئازاد و شاد و سەربەست بێ
شادی، دڵداری، ئازادی
بنەرەتی ژیان بیێت و
بچوکترین وشەی ئەوین
ماچ و ئاواز و هەڵبەست بێ
دڵیان کۆڵیم
داخی هەزار خەمیان چزاند بە جەرگمەوە
مۆری سووری قاچاق بوونیان
کوتا بە سەر وشەو و شێعر و دەفتەرمەوە!

شێركۆ بێكه‌س سه‌باره‌ت به‌ مه‌له‌كشا ده‌فەرمێ: شیعری جه‌لال مه‌له‌كشا ده‌بێته‌ هۆیه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی، شیعره‌كانی ڕوون و به‌ قووه‌ته‌، له‌ دڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌قۆڵێت و به‌ دڵه‌وه‌ ده‌نیشێت، ئه‌گه‌ر جه‌لال ژیانێكی ئاسووده‌تری هه‌بوایه‌ بێگومان ده‌كرا به‌رهه‌می هه‌ره‌ پڕ بایه‌ختری پێشكه‌شی گەلەکەى بكات.

عەبدولڕەحمان فەرھادی، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد/ لقی ھەولێر، له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی جەلالی مەلەکشا ده‌ڵێت: “جەلال مەلەکشا، یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی نەوەی دووەمی شیعری نوێی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کە لەگەڵ نەوەی پێش خۆی ڕچەشکێن بوون لە شیعری کوردیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لەوێ لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا، ڕۆڵی گەورە و کاریگەریان ھەبوو. ئەم شاعیرە بەرزە نەک ھەر لە شیعر بەڵکوو لە چیڕۆک و وەرگێڕانیش توانایەکی باشی ھەبوو و شارەزایی زۆری لە ھەردوو ئەدەبی کوردی و فارسیش ھەبوو، و پێشتر ھەر بە فارسی نووسیویەتی، ھەروەھا لە بواری ڕۆژنامەنووسیشدا لەگەڵ مام ھێمن لە گۆڤاری سروە خزمەتێکی گەورەی ئەدەبی کوردییان لە ڕۆژھەڵات کردووە، شیعرەکانیشی لە ئاستێکی جواندان و زۆرێکیش لە شیعرەکانی بوونەتە وێردی سەر زمانی خەڵک و بەشێکیشیان بۆ فارسی و عەرەبی و سوێدی وئینگلیزی فەرەنسی وەرگێڕدراون، بۆیە ئەم یادکردنەوەیە ئەرکێک بوو بۆ بەرزڕاگرتنی کار و بەرھەمەکانی و یادیشی لای ئێمە ھەر بە نەمری دەمێنێتەوە.”

فه‌رهه‌نگ غه‌فورى، هونەرمەند له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی مەلەکشا تایبەت بە ڕۆژنامەى هەولێر گوتى: جەلالی مەلەکشا شاعیرێکی هەست ناسک و عاشقی چینی هەژاران بوو، ئەو شاعیرە هەمیشە لە بەری لێقەوماواندا بووە و هیچ کات بەرژەوەندیی خۆی وای لێ نەکردووە، لەو چینە داببڕێ، مەلەکشا لە شیعرەکاندا وشەی وەها کاریگەری بەکارهێناوە، کە کاریگەریی لەسەر خەڵکی کورد هەبووە و لەولاشەوە وەک تیرێک دڵی نەیار و دوژمنان و تاریکپەرستانی پێکاوە. لە هیچ دۆخێکدا ملکەچ نەبووە و بۆ دوژمنانی کورد بە چۆکداد نەهاتووە. بۆیەشە هەردەم بووەتە نیشانەی تیری ناحەزان و دوژمنان.
ئەم شاعیرە جوان و جواننووسەی شاری سنەی خۆڕاگر، هەمیشە لە بەرەی گەلەکەیدا بۆ بەرگری راوەستاوە و دوژمنانی کوردیش ویستوویانە دەستەمۆی بکەن و ئەو بەرگە کوردپەروەری و هەژاردۆستیەی لەبەردا داماڵن، بەڵام ئەو بە ژیانێکی سادە رازی بووە و خۆشیی خۆی لە خۆشیی گەلەکەی دۆزیوەتەوە، نەک لە کۆشک و سامانی دوژمنان. جەلال مەلەکشا سەبارەت بە پرسی ئافرەتیش خەباتی هەبووە و مافی ئافرەتی بە ڕەوا زانیوە و ژیانێکی یەکسان و شایانی بۆ خواستوون، ئەمەی لە شیعرەکاندا جێ کردۆتەوە و گرنگیی پێ داوە، لەپەنا ئەوەشدا، شیعری لەسەر خۆشەویستەکەی خۆی و رەنجان و بێ مەیلیی ئەو نووسیوە و نەیشاردۆتەوە. لەولاشەوە ئەو شاعیرە خاوەن هەڵوێستە، شەو و ڕۆژ بە دەردی نیشتمانەوە تلاوەتەوە و خەمی نیشتمان و خەڵکەکەی لە کۆڵ ناوە. مه‌له‌کشا له شیعره‌کانیدا هه‌موو شته بەنرخەکانی وه‌ک ته‌مه‌ن و زەمەن و جوانی و پیری بەرجەستە کردووە و خەمی لە تەمەنی کورت و نەگەیشتن بە هیوا و حەسەرەتەکان خواردووە.
جەلالی مه‌له‌کشا، لەژێر کاریگەریی زۆر شاعیری رۆژهەڵات و هەرێمى كوردستاندا بووە، بەڵام بۆ خۆشی فۆڕم و رێچکە و شێوازێکی تایبەتی هەبووە، زمانی شیعریشی رەنگدانەوەی ئەو شاعیرانەی رۆژهەڵات و باشووری بەسەرەوە دیارە و کەڵکی لە ئەزموونی ئەوان وەرگرتووە و وشە و وێنە و موفرەداتەکانی بە دیدگا و رێچکەی خۆی کردوونەتە هەوێنی شیعری و زمانە شیعریەکەی لە زمانی ئاخاوتنی خەڵک ئاوێتە کردووە.
مەلەکشا، بە زمانێکی ساکار ویستوویەتی خەڵکی ئاسایی لادێ و کووچە و کۆڵانەکان لێی تێبگەن و هەر ئەوانیش بکات بە پاڵەوانی ناو دەقە شیعرییەکانی خۆی، بەمەش زۆر نزیک بووەتەوە لە رۆحی خەڵک و ئاوێتەیان بووە. ئەمەوێ ئەوەش بڵێم، ئەگەر تەماشای ژیان و بەرهەمی سەرجەم ئەو شاعیرانە بکەین، کە بە درێژایی مێژووی ژیانیان لە بەرەی گەل و کێشەی رەوای میلەتەکەیاندا بوونە، دەبینین هەموویان دەربەدەر و ئاوارە و هەژار و نەدار بوونە، بەڵام ئامادەنەبوونە بۆ ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر بۆ خۆیان، پشت لە گەلەکەیان بکەن و ملکەچی داگیرکاران بن. ئەمەش خەسڵەتێکی گەورەی شاعیرانی کوردە و جەلالی مەلەکشاش یەکێکە لەو شاعیرانە”.

خاليد فاتيحى، له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی جەلالی مەلەکشا ده‌ڵێت” : شاعيرى نيشتمان په‌روه‌ر جه‌لال مه‌له‌كشا، يه‌كێكه‌ له‌و شاعيره‌ ديارانه‌ى كورد كه‌ رۆڵ و پێگه‌ى له‌ بزاڤى رۆشنبيرى كورديدا دياره‌و به‌ يه‌كێك له‌ شاعيره‌ نوێخوازه‌كان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ.
مه‌له‌كش له‌ سه‌ره‌تاى هاتنه‌ ناودنياى نووسين و ئه‌ده‌بياته‌وه‌ له‌ كوردستانى رۆژهه‌ڵات به‌ زمانى فارسى ده‌ستيكرد به‌ شيعر نووسين و له‌وبواره‌شدا وه‌ك شاعيرێكى ديار ده‌ركه‌وت.
هه‌ستى نيشتمان په‌روه‌رى و كوردايه‌تى واى له‌ شاعير كرد زياتر رووبكاته‌ نووسنى شيعر به‌ زمانى كوردى. دواى شاعيرى ناودارى كورد سواره‌ى ئێلخانى زاده‌، مه‌له‌كشا يه‌كێكه‌ له‌ شاعيره‌ دياره‌كانى كورد له‌ كوردستانى رۆژهه‌ڵات. شيعره‌كانى ئاوێنه‌يه‌كن له‌ ژيانى پڕمه‌ينه‌تى و گيانى خۆڕاگرى گه‌لێكى ژێرده‌سته‌. شيعره‌كانى مه‌شخه‌ڵێكن رێگاى خه‌بات و به‌رخۆدان رووناك ده‌كه‌نه‌وه‌. خه‌ونى شاعير وه‌كو خه‌ونى هه‌ر ئازادى خوازێك هه‌لاتنى خۆرى ئازادى و سه‌رفرازى كوردستان بووه‌. چ عاشقێكى شيعر هه‌يه‌ شيعرى (كاوه‌)ى مه‌له‌كشا موچڕكى خۆزگه‌و ئۆخژنى به‌ له‌شدا نه‌هێنابێ.

ئاخۆ دەبێ
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر بکاتە شانی
دەڵاڵانی بەر گه‌راجی
شاری سنە هاوار بکەن
سلێمانى، سلێمانى.

جه‌لال مه‌له‌كشا بێجگه‌ له‌ شيعر له‌بواره‌كانى چيرۆك و ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى و هه‌تا له‌بوارى رۆژنامه‌گه‌ريشدا كارى كردووه‌. چيرۆكه‌كانى ئه‌وه‌نده‌ جوان و پڕ له‌ فانتازيان ده‌ڵێى خودا بۆ چيرۆك نووسى خوڵقاندوويه‌تى, ئه‌گه‌رچى زياتر وه‌ك شاعير ناسراوتره‌ به‌تايبه‌تيش شيعرى به‌رخۆدان.
گۆڤارى سروه‌ كه‌ له‌ شارى ورمێ ده‌رده‌چوو، ئه‌م گۆڤاره رۆڵێكى كاريگه‌رو گرنگى له‌بوارى زمان و ئه‌ده‌بى كورديدا گێڕا له‌و به‌شه‌ى كوردستان و ده‌يان شاعيرو نووسه‌رى گه‌وره‌ى پێگه‌ياند, مامۆستا مه‌له‌كشا ده‌ورێكى بێوێنه‌ى هه‌بوو له‌ ده‌ركردنى ئه‌و گۆڤاره‌دا.
به‌داخه‌وه‌ ژيانى ئه‌و شاعيره‌ مه‌زنه‌ هه‌مووى پڕ بوو له‌ ژان و ده‌ربه‌ده‌رى و كوێره‌وه‌رى. بۆخۆى ده‌يگوت ئه‌گه‌ر به‌ كوردى نه‌م نووسيبا ژيانم جۆرێكى ديكه‌ ده‌بوو، به‌ڵام شانازى ده‌كه‌م به‌وه‌ى به‌ زمانى شيرينى كوردى ده‌نووسم و كوردستان قيبله‌گامه”‌.

سه‌باره‌ت به‌ قوڵپه‌ی شیعره‌كانی مامۆستا جه‌لال، زوڵم و ئه‌و نادادوه‌رییانه‌یه‌ كه‌ چه‌پێندراوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی كونجی هەر لە زیندان و سێداره‌وە بگرە تا ته‌قه و-خیانه‌ت،هه‌موو ئەمانە بوونەتە قوڵپه‌ی شیعره‌كانی مامۆستای كۆچكردوو، هه‌ر بۆیه‌ پێش راپه‌ڕین چه‌ندین جار كه‌له‌پچه‌ له‌ ده‌ستی دراوه‌ و راده‌ستی به‌ندیخانه‌كان كراوه‌ و دوای راپه‌ڕینیش هه‌ر به‌و شێوه‌ بووه‌ و سه‌رجه‌م ساڵه‌كانی زیندانی ده‌گاته‌ ١٦ ساڵ كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌.
مامۆستا له‌ یاداشتێكدا ده‌ڵێ زۆربه‌ی دیواره‌كانی به‌ندیخانه‌كان خه‌یاڵ و ناسۆری منی پێوه‌یه‌ و شیعره‌كانی زۆربه‌ی له‌ دیواری به‌ندیخانه‌كان هۆنیوه‌ته‌وه.‌ بۆ نموونه:

ده‌مویست كۆشكی سته‌مكاران به‌ هێرشی واژە‌ بڕووخێنم
له‌ هه‌ر لاوه‌ دامیانه‌ به‌ر پلار و په‌ڵ
بوومه‌ پارووی چه‌وری خێڵی گورگ و چه‌قه‌ڵ
ئیتر من بووم و دوو ده‌ستی ئاشنای به‌ندو كه‌له‌بچه‌
قه‌ڵه‌مێكی ده‌نگ له‌ گه‌روودا خنكاو و
ئه‌ندامێكی پڕ له ‌زامی ساڕێژنه‌بووی شوێن پێ شه‌لاخ
ئیتر من بووم و قاوشی زیندانه‌كان
وه‌ك خه‌مێكی پشت كۆماوی ردێن سپی
له‌ ئه‌م زیندان بۆ ئه‌و زیندان.

جه‌لال وه‌ك مروڤێكی ئاشتیخواز نه‌یتوانی له‌ هه‌مبه‌ر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئه‌سپی قه‌ڵه‌می له‌ مه‌یدانی خه‌بات دژ به‌ زوڵمدا تاو داوه‌ و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌مه‌وه‌ تووشی ده‌ردسه‌ر و ئازاری زیندانی زۆر بووه‌. شیعرێکی جەلال مەلەکشا دوای تێرۆرکردنی شەهید دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هەیە کە هەم کراوەتە گۆرانى و هەم نێوبانگییەکى ئەبەدیشى هەیە کە دەڵێت:
کاتێ زانییان،
دڵت پاپۆڕی ئەوینە و
بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی
دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …
کاتێ زانیان،
دڵت پردێکە پان و پۆڕ
بەرەو ناخی مێژووی جیهان
دەستی کوێستانت گرتووە و
لە قووڵایی مەرگ و خوێنا
ئەیبەی بەرەو کۆشکی ژیان
پەردەی وەرزی زریان ئەدڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …
کاتێ زانیان،
بورکانە دامرکاوەکان ئەخرۆشێنی
بوومەلەرزە خنکاوەکان،
لەناو خوێنا ئەجوولێنەوە
نەخشەی جیهان ئەشێوێنی
سنوورەکان لەژێر پێتا ئەتوێنەوە
وەک بڵێسەی کڵپەی ئاگر،
لەناو شەوەزەنگا ئەگڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …
کاتێ زانیان،
ئاوت بووه بە جوانترین وشەی ئەوین
دڵدارەکان ئەبزوێنی
دەنگت بووە بەچەپکە تیشک
شەوی چڵکن ئەشڵەقێنی
شانت داوە بەژێر خەمی نیشتمانا و
فرمێسک لەچاو هەژار ئەسڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …
کاتێ زانیان،
کوێستانت کردووە هێلانە
بەشمشاڵی لوولەی تفەنگ،
دڵدارەکان بۆ جێژوانی چیا ئەچڕی
هاتن سینگتیان هەڵدڕی …
هاتن سینگتیان هەڵدڕی ..

جەلالى مەلەکشا، شاعیرى گەورەى کورد و ئاڵاهەڵگری شێعری بەرگریی کوردى، ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى ٣١/١٠/٢٠٢٠ى زایینى و لە تەمەنى ٦٩ ساڵی و لە شارى سنە کۆچى دوایی کرد و بەمەش ڕۆژهەڵاتى دەستەخوشکى باشوور و باکوور و ڕۆئاوا ڕەشپۆش بوو و لە هەموولایەکەوە و بە سروودى نیشتمانى ئەى ڕەقیب و بە ئاڵاى کورستانەوە تەسلیمى خاکێک کرا کە شیعرى بۆ دەنووسى.
من دڵداری کوردستانم!
من ئەمەوێ
لە شەقامە قۆرخەکانی دیاربەکرا
شمشاڵ لێدەم،
قام و حەیران بخوێنمەوە.
لە چوارچرای مەهابادا
هەڵکەم ئاڵاکەی کوردستان
لە قامیشلوز هاوار کەم و
لەگەڵ چینی کرێکارا، شاری کەرکوک،
بە مانگرتن بژوێنمەوە!

شیعر و ئەدەبی مەلەکشا:
دکتۆر بەختیار سجادی لە نووسینێکیدا کە لە واڵەکەى خۆى بڵاوى کردبووەوە، بە سەردێرى “ئەمشەو ئارێز بەسەر سنەدا داڕووخا!”، لەبارەى جەلالى مەلەکشاوە نووسى:

  1. کە لە ماڵە بچووک و هەژارانەکەی جەلال دەگەڕامەوە، بیرم لەوە دەکردەوە خەڵک بۆ مەرگی هیچ دەوڵەمەند و خانەدانێک بەو دڵپاکی و حەماسەتەوە ئامادە نابن. بە دیوێکی تریشدا، ئەوەی لە دەموچاو و بێدەنگیی خەڵکەکە دەمخوێندەوە، بەر لەوەی پیشاندەری ناڕەحەتی بێت بۆ مەرگی ئەو شاعیر و نووسەرە هەڵکەوتەیە، دەربڕی قەلەقی و بێ‌ئۆقرەیی و دۆشداماوی بوو بۆ ئەو دۆخەی هەمووانی بە گشتی تێکەوتوونە و دەرئەنجامە کارساتبارەکانی، توێژی وێژەوانی کوردی‌نووسی لە چەشنی کاک جەلال-ی زیاتر گرتۆتەوە. دۆخەکە هەستیار و ناخۆشە و زۆربەی ئەندامانی ئەو توێژەش لە ڕووی دەروونییەوە لە بارێکی ناهاوسەنگدان. هەموومان پێویستمان بە گۆڕانکاری و دڵنەوایی و حەسانەوەیە.
  2. پەرلەمانی بەریتانیا یەکەم خوێندنەوەی بۆ ڕەشنووسی یاسای ماڤی لەچاپدانەوە لە ساڵی 1711دا ئەنجام دا و زاراوەی نووسەری هەک hack writer هەر لەو سەروبەندەدا هاتە نێو گوتاری ئەدەبی و ئابوورییەوە. مەبەست لەم زاراوەیە ئەو نووسەرانە بوون کە لە ڕێگەی کردەی نووسینەوە پارەیان بەدەست دەهێنا و خەرجیی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەشیان دابین دەکرد. دواتر شۆڕشی پیشەسازانە و سەرمایەداریی چاپ گوڕوتینیان بەخشیە باشتربوونی دۆخی ماڵیی دانەران. لە ڕۆژئاوا، تەنانەت ئینتێرنێت و کەشی بەربڵاوی مەجازیش، بە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاوەوە، نەیان‌توانی بەر بە قازانج و داهاتی دانەران بگرن.
  3. لای ئێمە، لە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە ناو کورددا، و نەخاسما لەم دوخە ئابوورییەی ئێستا، ئەوەی نرخی نەماوە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری و هەروەتر ژیانی توێژی وێژەوانانە. چەند ساڵ لەمەوبەر و لە لێداونێک لە سەر قەبران و له پرسەی عەباس کەمەندی‌دا – کە ئەویش، وەک جەلال، قوربانیی سیستەمی بێبەزەی ئابووریی و گوتاری بێ‌سەروبەری فەرهەنگی بوو – وتم تەنانەت نووسەر و شاعیرە ئاست‌نزمە ڕۆژئاواییەکان تا ماون بۆخۆیان و پاش مەرگیشیان نەوە و نەتیجەیان لە خێروبێری ئەو بەرهەمانە سوودمەند دەبن، بەڵام لای ئێمە تەنانەت دانەرە بلیمەتەکانیشمان لە خراپترین دوخی ئابووریدان.
    ٤. جەلال مەلەکشا کەسایەتییەکی گەورە و گرانی ئەدەبی کوردییە. لە چەقی ئازار و خەمدا بوو، بەڵام هەردەم بە هەناسەیەکی ڕۆمانتیکەوە دەپیڤی و بە ورە و وزەوە دەینووسی. بە بێکەسی و لە تەنیایی و گۆشەگیریدا ژیا، بەڵام لە زۆر کەس زیاتر هاوڕێ و خوێنەری هەبوو و هەیە‌تی. هیچ کات وازی لە ڕێباز و خەون و ئارمانەکانی نەهێنا و تا دوا ساتی تەمەنی وەفادار بوو بە واتا بەرزەجێکان: شەرافەت، ویژدان، ئەوین، شکۆ، ڕەسەنایەتی، بەرخۆدان، ئازادی، دژی زۆرداری و دژی چەوساندنەوە. هەر بۆیەش کەمتر شاعیرێکی کورد ئەوەندەی ئەو خاوەن پلە و پایەی جەماوەرییە.
    ٥. پێشتر و هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسیم: “مەرگی دایکی … شاعیری ئێستا تەنیاتر لە جاران … خەمباری کردم و خێرا هەستم بە ئاکامەکانی کرد بۆ کاک جەلال. کەسێ نییە ئیتر پەرداخێک ئاو بداتە دەستییەوە و …” خۆزگە قسەکەم ڕاست دەرنەچووبا و بمتوانیبا جارێکی تر ئەو مرۆڤە پاکژدڵە ببینمەوە. ئۆغرت بەخێر کاک جەلال! لە بیری ئەو ڕۆژانەدام کە لە سنە و لە هەولێر و لە ورمێ پێکەوە باسی شیعر و چیرۆک و وەرگێڕان و ڕەخنەی ئەدەبیمان دەکرد. تۆ نەمردوویت! ناوت، یادت، کەسایەتی و بەرهەمت تا هەتایە بە زیندوویی دەمێننەوە.
    هەروەها شاعیر ڕەزا عەلیپووریش یادداشتێکى ساڵی ٢٠١٦ى خۆى بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: “یادێكی جەلال مەلەکشا هێمن و بێ هەواڵ هات. نە لە سیمایدا ئاسەواری ناوداربوون دەبینرا، نە لە قەڵافەتیدا شکۆی ناسراوی. وەک تاسەیەکی شاعیرانه و دڵدارێکی پڕ ماجەرا هات، وەک شیعرێکی خەمبار، بەڵام کۆڵنەدەر. بێدەنگ و کتوپڕ بۆ کافە هات، جەلال مەلەکشا. هەمووان دەیانناسی. چۆن دەبێ نەیناسن؟ لە پۆل ڤێرلن دەپرسن (باشترین) شاعیری فەڕەنسە کێیە، دەڵێ “ناسراوترین”ی ڤیکتۆر هۆگۆیە. جەلال مەلەکشا تا ئێستەیش ناسراوترین شاعیری (زیندووی) ڕۆژھەڵاتە، گومانتان نەبێ. بڵندترین دەنگ و فیگۆری شیعریی جڤاتێكی پەراوێزخراو. بە دەم چایی و شیرینییه‌وه لە کتێب دواین، گلەمەند بوو لە بڵاڤۆک و نەشر و بازاڕ. دەربارەی مامۆستا هێمن لێمان پرسی، بە بزەوە لە وردە شەڕەکانی دوا لەگەڵیدا، لە سروەی ئەو ساڵانە و تەنز نووسینەکانی خۆی. یادی عەباس کەمەندیی کرد. باسی وەرگێڕان کرا؛ یەکەم وەرگێڕانەکانی جەلال بۆ سەر زمانی فارسی. ئەو ساڵانە، زوو، باشی وەرگێڕابوو زۆریش؛ شیعری هەڵمەت، پەشێو و شێرکۆ. ئەحمەد شاملوو بۆی چاپ کردبوو، شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت کە بیستبوویان خەنی ببوون، زۆریش، خۆی گوتی. شاملوو گوتبووی وەک کتێب وەریانبگێڕە. نەیکردبوو. هەرچی مەیلی سەركەشی نەیخوازێ نایکا، ئازادانە بە مەیلی خۆی وەفادار بووە. (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان)ـی ئیمزا کرد. كۆمەڵە شیعرێك ڕاچەنیو و دارماڵی ئایدیای ڕزگاری. وێنەمان کێشا. فۆتۆگرافەر داوای بزەی لێ کرد، تراژیدیایەک پێکەنی.”
    مامۆستا کرمانج گوندى سەبارەت بە کۆچى دوایی جەلالی مەلەکشا نووسی: “شاعیری مەزن و خاوەن کەسێتیی نیشتیمانیی، ئەوڕۆ، شەمۆ، ٣١ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، لە شاری هونەر و هونەرمەندانی جوانی نیشتیمان، شاری سنە، سەفەری ڕۆحی خۆی دەستپێکرد و گەڕایەوە لای خودا. مەلەکشا، شاعیری هەست ناسك و مرۆڤدۆست، پیرۆزەیی شیعرەکانی خۆی لە چارچێوەی خۆشەویستیی و ئەڤینی کوردستانێ نەخشاند. مەلەکشا مرۆڤێك بوو کە دەریچەی شیعری بۆ ڕاگەیاندنی هەستی دەروونی کوردەواریی خۆی هەڵبژارد کە لەو دەریچە بتوانێ جارێکی دیکە کوردەواریی بخەمڵێنێتەوە و ئێكپارچەی خاکی کوردستانێ وەبیر نەتەوەی مەملەکەت بهێنێتەوە، وەك لەو شعرە ناسکە هەستی نیشتیمانپەروەرانەی خۆی بەیان کردیە.”
    وریا رەحمانى لەبارەى کۆچى دوایی مەلەکشاوە نووسى “ئه‌گه‌ر له‌ ده‌لاقه‌یه‌کی رۆژهه‌ڵاتی‌یه‌وه‌ سه‌یری گه‌شه‌ی شێعری کوردی (سۆرانی) له‌ به‌ستێنی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کورده‌واریدا بکه‌ین، پێویستیی له‌به‌رچاو گرتنی سێ قۆناغی جیاواز به‌ڵام زنجیره‌یی و به‌دوای یه‌کدا به‌گشتی خۆی ده‌نوێنێ. دیاره‌ له‌نێو هه‌ر کام له‌م قۆناغه‌ گشتیانه‌دا که‌ هه‌رکام خوڵقێنه‌ری شێوازگه‌لێکی جیاواز و جێی سه‌رنجی تایبه‌تی ئه‌ده‌بین، کۆمه‌لێک قۆناغ و شێوازی بچووک و لاوه‌کی‌تریش بوونیان هه‌یه‌ که‌ ره‌نگه‌ له‌ پێوه‌ندیه‌کی ئۆرگانیکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ باسه‌که‌ی ئێمه‌دا نه‌بێ.
    ١. قۆناغی شاره‌زووری
    ٢. قۆناغی موکریانی
    ٣. قۆناغی ئه‌رده‌ڵانی
    قۆناغی یه‌که‌م که‌ له‌گه‌ڵ شێعری شاعیرانێکی وه‌کوو نلى و سالم و کوردى و … ده‌ست پێده‌کا و به‌ شێعره پاراوه‌کانی مەحوى و شێخ ڕەزا و حەمدى و .. درێژە دەکێشێ، له‌ لاپه‌ڕە‌ زێڕینه‌کانی شێعر و ئه‌ده‌بی کوردی به‌ حیساب دێن. له‌ تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌ دیاره‌کانی ئه‌م شێوازه‌ که‌ڵکوه‌رگرتنی زۆر له‌ وشه‌ و چوارچێوه‌کانی شێعری عه‌ره‌بی‌یه‌ که‌ به‌هۆی نزیکبوونی شاعیره‌کانی ئه‌م شێوازه‌ له‌ فه‌زا و جوغرافیای عه‌ره‌بی، خۆی شتێکی سرووشتی بوو.
    قۆناغی دووه‌م له‌ سه‌یفولقوزاتی موکریانی یـه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کا و له‌ سه‌ر ده‌ستی شاعیرانێکی وه‌ک سه‌ید کامیل، خاڵه‌مین، میسباحوددیوانی ئه‌ده‌ب و … درێژهە به‌ کاری خۆی ده‌دا و له‌ شێعری هێمن و سواره‌ دا ئیتر به‌وپه‌ڕی خۆی ده‌گا و ده‌دره‌وشێته‌وه‌. شێعری ئه‌م قۆناغه‌ فه‌زایه‌کی کوردی‌تری هه‌یه‌ و هه‌وڵ ده‌درێ له‌ زیاترین وشه‌ و هێما و به‌ستێنی کوردی که‌ڵک وه‌رگیرێ و له‌ بواری ناوه‌رۆکیشه‌وه‌ نیشتمانیانه‌تره‌ و وڵات و نه‌ته‌وه‌ وه‌ک دوو توخمی سه‌ره‌کی تێیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌.
    قۆناغی سێیه‌م که‌ به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ورانی دوای به‌ ئاکام گه‌یشتنی شۆڕشی ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کا و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی نووسینه‌که‌ی ئێمه‌شه‌ له‌ ناوچه‌کانی سنه‌ و ئه‌رده‌ڵان و به‌ گشتی ناوچه‌ باشووری‌تره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ شێعری شاعیرانێکی وه‌ک؛ شه‌ریف حوسێن په‌ناهی، ره‌حیم لوقمانی، جه‌لال مه‌له‌کشا، فه‌ره‌یدون ئه‌رشه‌دی و …ـدا خۆی نیشان ده‌دا. فه‌زای گشتیی شێعری ئه‌م ده‌ورانه‌ زه‌رافه‌تێکی زمانی و ناوه‌رۆکیی وردتری تێدا هه‌یه‌ و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردستان زیاتر به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌.
    ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغی موکریانیی شێعردا پرسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی زیاتر ئاقارێکی به‌رخۆدانی و به‌راوردکارانه‌ی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا هه‌بوو، که‌چی له‌م قۆناغی سێیه‌م دا شێعر پتر له‌ هه‌موو شتێک وه‌ک ئه‌رزشێکی زمانی و به‌ دیدێکی جوانی ناسانه‌وه‌ ده‌وری هونه‌ری خۆی ده‌گێڕێ و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان له‌ ده‌روونی که‌ڵکه‌ڵه‌ و داخوازییه‌کانی شاعیره‌وه‌ وه‌ک کوردێکی پێگه‌یشتوو ده‌که‌ونه‌ روو. لێره‌دا ئیتر کوردبوون به‌ واتا مرۆڤیه‌که‌یه‌وه‌ ناوه‌ندیه‌تیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌ ناوه‌ندی ناوئاخنی شێعرییه‌ته‌وه داده‌نرێ. شاعیر و نووسه‌ری ئه‌م قۆناغه‌ چیتر له‌ روانگه‌یه‌کی ده‌ره‌کییه‌وه‌ سه‌یری بایه‌خی وجودیی خۆی ناکا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تا راده‌یه‌کی زۆر ئه‌م روانینه‌ ده‌روونی‌تر ده‌بێته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌دا که‌ خۆی وه‌ک خۆی بنرخێنێ و باسی بکا. له‌ پانتایی قۆناغی سێیه‌مدا ئیتر شاعیر روانگه‌یه‌کی گشت به‌ تاکی نییه‌ و هه‌وڵ ده‌دا (به‌ واتا فه‌لسه‌فییه‌که‌ی) دیدێکی تاک به‌ گشتی هه‌بێ و له‌و ره‌هه‌نده‌وه‌ سه‌یری خۆی و باوه‌ڕ و ئامانج و بایه‌خ و نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌ی ده‌کات.
    جه‌لال مه‌له‌کشا یه‌کێک له‌ شاعیره‌ هه‌ره‌ به‌رز و قه‌ڵه‌مه‌ به‌ تواناکانی ئه‌و قۆناغه‌یه‌ که‌ به‌ حه‌قیقه‌ت وه‌ک شاعیرێکی لێهاتووی خاوه‌ن ئه‌زموونێکی به‌نرخ شوێنی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه‌. له‌ شێعری «سه‌فه‌ر»‌دا وه‌ها به‌ شێوه‌یه‌کی هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خۆزگه‌ و ئاواتێکی ره‌وای خۆیدا بۆ کاوه‌ی کوڕی، سنووره‌کانی زه‌مانی و مه‌کانی تێک ده‌شكێنێ و وێنای نیشتمانێکی پیرۆز که‌ هه‌مان کوردستانی گه‌وره‌ بێ ده‌کێشێته‌وه‌، که‌ کاریگه‌رییه‌کی بێ‌وێنه‌ له‌سه‌ر خوێنه‌ر داده‌نێ و شێعرێکی له‌ قه‌واره‌دا کورت به‌ڵام له‌ حه‌قیقه‌ت و ناوه‌رۆکدا بێ‌کۆتایی و مه‌زن ده‌خوڵقێنێ.
ھەواڵی زیاتر