پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، لە داھاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتنی چەک دەکرێتەوە، تەنھا ئەو کەسانە دەتوانن سەردانی بکەن چەکەکانیان تۆمار کراوبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەڵمەتی داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین لە ھەرێمی کوردستان، لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی دروست دەکرێت.
بەگوتەی بەرپرسانی پۆلیس، کردنەوەی کۆمەڵگەکان بە سەرپەرشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبێت و تەنھا ئەو کەسانە دەتوانن لە کۆمەڵگەکاندا کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە بکەن، کە چەکەکانیان تۆمارکراوبێت، بەپێچەوانەوە قەدەخە دەبێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی بەردەوامی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتە بەر، تاکو لەو ڕێگەیەوە فاکتەرێکی بەھێزی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی ڕابردوو، بە قۆناغ ھەموو ھاووڵاتییان و دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و حیزبە سیاسییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو ھەڵمەتەدا ئاگادار کردۆتەوە.
ماوەیەکە لە ھەرێمی کوردستان ھەڵگرتنی چەک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوو بدەن، ساڵانە لە ھەرێمی کوڕدستان دەیان کەس دەبنە قوربانی تەقەکردن و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.
ڕۆژی ٢١ تەممووزی ٢٠٢٣، دوایین ڕۆژ دەبێت بۆ تۆماکردنی چەک لە ھەرێمی کوردستان، دوای ئەو کاتە چەکەکان دەبنە قاچاخ و سزای یاسایی ھەر کەسێک دەدرێت پێی بگیرێت و ماوەی تۆمارکردنەکەش درێژ ناکرێتەوە.
ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند: ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ وەکو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دانراوە، پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک ڕاگەیانرابوون و بڵاو کرابوونەوە، تاکو ھاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن، ساڵێک بەس بوو بۆ ھۆشیارکردنەوە و ئاگاداری خەڵک تاکو چەکەکانیان لای حکوومەت تۆمار بکەن، ئەوەی مەبەستی بووبێت چەکەکەی تۆمار بکات، کردوویەتی.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، گوتیشی: ئەو ماوەی ماوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە ٢١ی تەممووز بارودۆخەکە لە ڕووی یاساییەوە دەگۆڕێت، ھەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لێ بگیرێت، بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دوو ملیۆن تاکو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت.
شەوکەت ھاشم، یاساناس، گوتی: بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لەبارەی قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، زۆر گرنگە و ھەنگاوێکی باشە بۆ زیاتر سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە، ئەگەر لە سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان بڕیارەکە بە جوانی جێبەجێ بکرێت، بازاڕەکانی چەک فرۆشتن کۆنتڕۆڵ بکرێن و مامەڵەی چەک بەشێوەی یاسایی ڕێک بخرێت، ڕێژەی تاوان کەم دەبێتەوە، چونکە ئێستە تاکەکان بە ئاسانی دەستیان دەگات بە ھەر جۆرە چەکێک کە بیانەوێت بە تایبەتی چەکی بچووک، لەگەڵ ئەوەی دەبێت چەکی مۆڵەتدراویش فلتەر بکرێت، چونکە زۆرێک لەو تاوانانەی دەکرێن بە چەکی مۆڵەتدار دەکرێن، چونکە کەم ماڵ ھەیە لە کوردستان ئەندامێکی ماڵەوەی پێشمەرگە نەبێت.