پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پیشانگەی کتێبی سەرشەقام و هەوڵێک بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەفتەی ڕابردوو ڕێکخراوی ئانیا پێشانگەیەکی کتێبی لەسەر یەکێک لە شاڕێکانی سلێمانی (شەقامی سالم) کردەوە. پێشانگەکە بە بەشداری چەندین دەزگای چاپ و کتێبخانە کرایەوە. ئەگەر لە ڕووکەشدا سەیری پێشانگەکە بکەین ڕەنگە وەکو ڕووداوێکی ئاسایی ببینرێت، بەڵام ئەگەر لە دیدێکی دیکەوە لێی بڕوانین ئەمە تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نییە. بەڵام دەبێت بزانین بۆچی ڕووداوێکی ئاسایی نییە؟

ئەگەر سەرنجی لێشاوی باڵکێشی تەکنەلۆژیا بدەین دەبینین کە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموویان دەیانەوێت وەکو شوێنگەرەوەی کتێب خۆیان نماییش بکەن. هەتا تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک” (وەک لە ناوەکەوە دەردەکەوێت) بە ئاشکرا دەیەوێت خۆی وەکو جێگرەوەی کتێب پیشان بدات. بەڵام ئایا ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا چەند جێگرەوەی کتێبن؟ بێگومان دەشێ تایبەتمەندییە سادەکانی کتێب لە خۆبگرن. دەشێ هەندێک زانیاریی و بابەتیان تێدا بێت، کە لە هەناوی کتێبەکانەوە وەرگیرا بن، بەڵام هەرگیز جێگرەوەی هەمیشەیی کتێب نین. کتێب سەرچاوە ڕەسەن و بنەڕەتەکەی زانیاریی و مەعریفەیە.
ئەوەی لە تۆڕەکانی نێت و سۆشیالمیدیادا هەیە دەشێ زانیاریی ئاراستەکراو و ئایدۆلۆژی و بە هەڵەدابراو بن، بەڵام لە کتێبدا (ناڵێم زانیاری لەم شێوەیە نییە) بەڵام کەمترە، یان خوێنەر خاوەنی وشیارییەکە، کە زوو ئەو کتێبە پڕ لە هەڵە و ئایدۆلۆژیانە جیادەکاتەوە، کە دژ بە مرۆڤ و بەهامرۆییەکانن. بەڵام لەنێو ڕاپۆرتەکانی نێت، یان سۆشیال میدیادا جیاکردنەوەی ئەمە زەحمەتترە، چونکە دەچێتە بەردەم کۆمەڵێک مرۆڤ، کە وشیاریی جیا جیایان هەیە و دەشێ بەشی هەرە زۆریان وشیاری ئەوەیان نەبێت ئەو زانیارییە هەڵانە جیا بکەنەوە. بۆیە کتێب سەرچاوە سەنگینەکەی مەعریفەیە.
لەنێو ئەم ململانێ سەختەی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا و نێتدا مانەوەی کتێب و خوێنەرەکانی مانەوەیەکی پڕ لە ململانێیە. لە هەمووشی پڕ ململانێتر کردنەوەی پێشانگەیەکە لەسەر شەقامێک وەکو جۆرێک لە ئاڵەنگاری ئەم ڕۆژگارە. لەم نێوانەدا پیشانگەی کتێبی سەرشەقام دەشێ ببێتە هەوڵێک بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە، یان نزیکبوونەوە لەو هەوڵانەی خزمەت بە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە دەکەن. لە ڕۆژگاری لەم چەشنەی کە باسم کرد دەشێ پێشانگەکە ببێتە دەروازەیەک بۆ بیرکردنەوەی دووبارە لە کتێب و بەهای کتێب و گەڕانەوە بۆ لای کتێب و بیرکردنەوە لە پرۆسەی خوێندنەوە، نەک بینین و بیستن. لە تۆڕەکانی نێت و سۆشیال میدیادا ئێمە دەبیستین و دەبینین، کەمتر بواری ڕامان و قووڵبوونەوە و بیرکردنەوەمان هەیە، بەڵام لەگەڵ کتێبدا بیردەکەینەوە و قووڵ دەبینەوە و باڵی ئەوەمان پێ دەبەخشێت بۆ سەرزەمینی دوور گەشت بکەین.
پیشانگەی کتێبی سەرشەقام، بەر لە هەر کەس دەیەوێت بە ڕێبوارانی شەقامەکە بڵێت ئەگەرچی دەمێکەیە منتان بیرچووەتەوە، بەڵام هێشتا من زیندووماوم و ڕۆژگارێک دێت دەگەڕێیتەوە بۆ لام (ئێستا دەرفەتە). گەڕانەوە بۆ لای کتێب، گەڕانەوەیە بۆ لای سەرچاوە ڕەسەن و بنەڕەتییەکانی زانیاریی و مەعریفە. گەڕانەوەیە بۆ لای خودناسی و بیرکردنەوە و قووڵبوونەوە. گەڕانەوە بۆ لای کتێب دوورکەوتنەوەیە لە هاوار و قیژە و ناڵە، بەڵکو ئەزموونکردنی بێدەنگی و چێژوەرگرتنە لە تەنیایی. بۆ بەردەوامی ئەم کاروانەی دەیەوێت بیر لە کتێب بکاتەوە و خوێندنەوە لە ژوورە تاریکەکانەوە بهێنێتە سەرشەقام پێویستە دەستخۆشی لە ڕێکخەران و ئامادەکارانی ئەم پێشانگەیە بکەین. سلێمانی بە چالاکی لەم شێوەیەوە دەبێتە پایتەختی ڕۆشنبیریی.
پێشانگەی کتێبی سەرشەقام، لە رۆژی 14ی مانگ لەسەر شاڕێی سالم و ڕەندگەلەری لە شاری سلێمانی کرایەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.