ڕۆژی دووشەممە، ١٩ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری چیک، بێگەرد تاڵەبانی، سەردانێکی فەرمی بۆ براگی پایتەختی ئەو وڵاتە کرد و لە لایەن بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی تایبەتمەند بە بواری کشتوکاڵ و ئاودێری، لە وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری چیک پێشوازیی لێ کرا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەنداوەکان، ڕاهێنان و شیاندنی فەرمانبەرانی وەزارەت و جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەوەی سوود لە پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە وەربگیرێ؛ شاندی وەزارەت داوایان لێ کردن کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان هان بدەن بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن و لەم بارەوە بەڵێنی کارئاسانیی تەواوی وەزارەتیشان پێ ڕاگەیاندن.
لە تەوەرەیەکی تری دیدارەکەدا باس لە کشتوکاڵی ئۆرگانی و هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی کرا بۆ ئەو وڵاتە. تیمی وەزارەتی کستوکاڵی کۆماری چیک، باسیان لە پێشکەوتنەکانی ٸەم کەرتە کرد، بە تایبەت پیشەسازیی کشتوکاڵ و ئیدارەدانی ئاو و گرنگیی بەرهەمە خۆراکییەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و سەوزە و میوە، وە بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕواننە هاوکاری و هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێریی وڵاتەکەیان.
لە کۆتاییدا هەردوو لا هاوڕا بوون لە سەر کارکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە سەر خاڵەکانی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و بڕیار درا لەسەر بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگییەکان.