دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە سەڵاحەددین، فازڵ میرانی، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە ئامادەبوونی مەحمود محەمەد و هوشیار زێباری و سیداد بارزانی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە شاندێکی کۆمەڵی دادگەری کرد بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەکیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵەی دادگەری.
فازڵ میرانی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پێشوازی کردنیان و پەیوەندییەکانی هەردوولای بە مێژوویی وەسف کرد و ئاماژەی بەوەکرد پەیوەندییەکانیانی نێوانیان زۆر هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچ کاتێک پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی خراپدا نەبووە.
فازڵ میرانی، جەختی لەوە کردەوە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکی هەموو لایەنەکانە و دەبێت بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە بێت و ئەو کەشوهەوا ناڕێکە سیاسییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کۆتایی پێ بێت.
فازڵ میرانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر مێژووییەکی پڕ شانازی و باشمان هەبێت دەبێت جوگرافیای هەبێت و جوگرافیای ئێمە هەرێمی کوردستانی عێڕاقە و پاراستنی ئەم جوگرافیایە ئەرکی هەموومانە، دەبێت هەنگاوەکانی خۆمان ڕێک بخەین لەپێناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەلای خۆیەوە محەمەد حەکیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، سڵاو و ڕێزی تایبەتی عەلی باپیری بۆ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی گەیاندە دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی.
محەمەد حەکیم، ئەوەی خستەڕوو، کە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە وێڕای تایبەتمەندی هەردوولا، لەپێناو لێکتێگەیشتنیان کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانیان بکەن. جەختی لەوەش کردەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان لای ئەوان هێڵی سوورە و دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین ماوەدا بکرێت.